وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشقەوە: کورد هاوپەیمانی ئێمەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشقەوە رایگەیاند، پێویستە لە باکووری سووریا چەکەکان بێدەنگ بکرێن و چارەسەری سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا بکرێت کە کوردن. دەشڵێت، "پێویستە ئاگربەستێکی بەردەوام لە باکووری سووریا جێبەجێ بکرێت".
ژان نۆوێل بارۆ دەشڵێت، "سووریایەکی سەروەر و ئارام چیدی جێگە بە شەڕ و پێکدادان نادات. لەبەر ئەمە، پێویستە چەکەکان لە باکووری وڵات بێدەنگ بن. پێویستە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا، کە کوردن، بدۆزرێتەوە، تاوەکو ئەوان بە تەواوی لەم پرۆسە سیاسییەدا کە ئێستا دەستپێدەکات بەشداربن. پێویستە ئاگربەست بەردەوام و درێژخایەن بێت".
ئەو هەروەها رایگەیاند، "سووریایەکی سەروەر و ئارام، جێگە بە تیرۆریزمی ئیسلامی نادات. تیرۆریزم لێی دان، تیرۆریزم لە ئێمەشی دا لە مەیدانی خۆماندا. لەبەر ئەمە شان بە شان، بە تایبەتی لەگەڵ کوردەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دژی تیرۆری ئیسلامی شەڕمان کرد. لە 31ی مانگی 12، پێش چەند رۆژێک، جارێکی دیکە لە بنکەیەکی داعشمان دا. چونکە قبوڵ ناکەین کە زیندووبوونەوەی تیرۆری ئیسلامی ئارامی سووریا تێکبدات و هەڕەشە لە ئاسایشی فەرەنسا و ئاسایشی ئەورووپا دەکات. سووریایەکی سەروەر و ئارام رێگە بە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی و کیمیایی رژێمی تاوانباری بەشار ئەسەد نادات".
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە سووریا و لە یەکەم پەیامیدا لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەوە لە دیمەشق، هیوای بۆ سووریایەکی "خاوەن سەروەری، سەقامگیر و ئارام" خواست.
ژان نۆوێل بارۆ باسی لەوە کرد، هیوا بۆ سووریایەکی سەقامگیر راستەقینەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا "ناسکە". ئاماژەی بەوە کرد، کە "هیوایەکی نوێ دروستبووە".
ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای فەرەنسایە لە پاش رووخانی رژێمەکەی ئەسەد.
هاوکات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش گەیشتە دیمەشق و پێکەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە.