دەم پارتی: کورد و عەرەب لە سووریا رووبەڕووی هەڕەشەیەکی نوێی خوێنڕشتن دەبنەوە

02-12-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هۆشداری لە مەترسیی هەڕەشەیەکی نوێی خوێنڕشتن لە دژی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا دەدات بەهۆی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ حەلەب و تەلرەفعەت و ناوچەکانی دیکە. 
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی دەم پارتی لەبارەی هێرشەکانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ سەر حەلەب و تەلرەفعەت و پێشڕەویکردنیان بەرەو حەما، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "چەند رۆژێکە پێشهاتێکی مەترسیداری شەڕ و پێکدادان و ئاڵۆزی لە سووریا دەستیپێکردەوە. بەهۆی ئەم پێشهاتەوە، ئەو کورد، عەرەب و پێکهاتانەی دیکەی حەلەب و تەلرەفعەت کە چۆک بۆ چەتە و گرووپە هێرشکارەکان دانەدات، هەڕەشەی خوێنڕشتنیان لێ دەکرێت و تەنانەت مەترسی کۆمەڵکوژییان لەسەرە." 
 
دەم پارتی دەشڵێت، بەتایبەتی خەڵکی سڤیل لە تەلرەفعەت و هەزاران خەڵکی ناوچەکانی دیکە کە خۆیان گەیاندووەتە تەلرەفعەت، کراونەتە ئامانجی ئەم چەتە هێرشکارانە. 
 
دەم پارتی داوا لە لایەنە سیاسییەکان، هێزە دیموکراسیخوازەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و سەرجەم رێکخراوە جیهانییەکان دەکات، لە دژی شەڕ و تووندوتیژی دەنگیان بەرز بکەنەوە و هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە لەپێناو پاراستنی ژێرخانی ئاشتی لە دژی جەنگ. هەروەها داوا لە سەرجەم لایەنە نێوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکات هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ راگرتنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارە. 
 
لە رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە، دەستەی تەحریری شام هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر شاری حەلەب و رۆژی هەینی رابردوو کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارەکەی راگەیاند. 
 
بەڵام گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود، تاوەکو ئێستاش (02-12-2024) لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان.
 
یەکى کانوونى یەکەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنى سەربازی سەر بە دەستەى تەحریرى شام پەیامێکى ئاراستەى هێزەکانى سووریاى دیموکرات کرد. 
 
لە پەیامەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە ئەوان شەڕ لە دژى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد دەکەن و گرووپە چەکدارە ئێرانییەکان لە شار و گوندەکانیان دوور دەخەنەوە. پێشنیازى ئەوە بۆ هەسەدە دەکات؛ بە چەکەکانیانەوە لە شارى حەلەب دەربچن و بەشێوەیەکى پارێزراو بەرەو باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا بچن.
 
ئەمە لەکاتێکدایە؛ هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکات کە گرووپەکان رێگەی سەرەکی باب سەلامە - عەزاز - حەلەبیان گرتووە و گەیشتوونەتە دەروازەی شاری تەلڕەفعەت.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە