بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: دوو کۆبوونەوەی گرنگ و یەکلاکەرەوەمان لەگەڵ کورد و سوننە دەبێت


رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایدەگەیێنێت، چوارچێوە لە دوو رۆژی داهاتوودا دوو کۆبوونەوەی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لەگەڵ کورد و سوننە دەبێت، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 31-8-2022، د. عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو سەرەتای چارەسەری قەیرانەکانە، چونکە شەقامی عێراقی و پرۆسەی سیاسی پێویستی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، بەشێوەیەک دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و ئەرکی خۆی بەجێ بگەیێنێت.
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی پێیوایە، موقتەدا سەدر لە دوایین هەڵوێستدا دووپاتی لەوەکردەوە کە سەلامەتیی عێراقییەکان لەپێش هەموو کارێکە. دەشڵێت، "برایانی سەدریش فەرامۆش ناکرێن، بە ئامانج ناگیرێن، حکومەت، حکومەتی هەموو عێراقییەکان دەبێت، سەرکەوتنیشی بەندە بە پشتیوانیی هەموو لایەنەکانەوە. پرۆسەی سیاسی پێویستی بە کاراکردنی دام و دەزگا دەستوورییەکانە. لەو چوارچێوەیدا بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاوکات راشیگەیاند، چوارچێوەکەیان "دوای لێکتێگەیشتنی باڵای لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانی"، لە دوو رۆژی داهاتوودا گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ کورد و سوننەکان دەکات، "بۆیە چاوەڕێی ئەو دوو کۆبوونەوە گرنگە دەکەین، لەژێر رۆشنایی ئەم دوو کۆبوونەوەیە وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری دەکرێت". 
 
هەروەها  باسی لەوەش کرد، "ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ هەمووان هەیە ئەوەیە کە پێویستە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆبێتەوە، بەڵام بۆ دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەکە چاوەڕێی ئەم دوو کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەیە دەکەین". 
 
لەبارەی شوێنی کۆبوونەوەکان، د. عەلی دیفاعی گوتی، کۆبوونەوەکان لە بەغدا دەبن و پەیوەندیی راستەوخۆش هەیە. لەڕووی پرەنسیپەوە هەمووان کۆکن کە دوای قەیرانی چەند رۆژی رابردوو، نابێت ئەو دۆخە بەردەوام بێت. باس لەوەش دەکات کە "هەمووان رژدن لەسەر ئەوەی هەنگاوی جددی بنرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان کۆبێتەوە، چونکە ئەمە کلیکی چارەسەرە، بۆیە رەنگە سبەی کۆبوونەوەکان دەستپێبکەن لەگەڵ برایانی سوننە، دواتر لەگەڵ کورد بۆ ئەوەی پێکەوە لەسەر وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان رێکبکەون." 
 
کۆتایی مانگی رابردوو لایەنگرانی رەوتی سەدر چوونە نێو پەرلەمانی عێراق و مانگرتنیان راگەیاند. محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەسارد. 
 
رۆژی چوارشەممە 31-8-2022، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەبێ لایەنی سەدری، هیچ گفتوگۆیەک سەرکەوتوو نابێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی لایەنی سەدری-ش رازی بکرێت، دەبێت کۆمەڵێک هەنگاو هەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بیگرێتەبەر کە ئەوان زۆرینەن لەنێو پەرلەماندا، بابەتی سەرۆکوەزیران و کابینەی وەزاریی دەبێت سەدرییەکان بە تەواوی لەسەری هاوڕابن". 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی "تاوەکو ئەو کاتەی کۆبوونەوەیەکی پێشوەخت لەگەڵ رەوتی سەدر نەکرێت، ئەوا هەر وادەیەک بۆ کۆبوونەوە دابنرێت، بە دەردی هەمان کۆبوونەوە دەبرێت کە هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیران ئەنجامیدا، سەدرییەکان بایکۆتیان کرد و رەتیانکردەوە بەشداری بکەن".
 
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، د. شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد کە دەبێت لەڕووی کارگێڕییەوە فەرمانگەکانی پەرلەمان دەست بەکارببنەوە و فەرمانبەرانی پەرلەمان دەستبەکاربن. گوتیشی، "هەندێک گرفتی کارگێڕی دروستبووە لە ئەنجامی بوونی خۆپێشاندەران لەنێو پەرلەمان، دەبێت ئەم چەند رۆژە ئەمانە چارەسەر بکرێن".
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەک سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆدەبینەوە، بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین [کە] دانیشتنەکانمان چۆنبێت، دانیشتنەکان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکان بێت یان دانیشتن بێت بۆ ئەوەی شایستە دەستوورییەکان تەواو بکرێن".
 
دوای گوتارەکەی رۆژی سێشەممە 30-8-2022ـی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، خۆپێشاندەران و مانگرتووان و چەکدارانی رەوتی سەدر لە پەرلەمان و ناوچەی سەوز لە بەغدا کشانەوە.