قاسم ئەعرەجی: هێرشەکەى بابل و کوژرانى هەنییە پەلکێشکردنى ناوچەکەیە بۆ جەنگ
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق سەرکۆنەى ھێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی لە بابل دەکات و رایگەیاند، ئەو رووداوە لەگەڵ کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، بەڵگەى پیلانێکە بۆ پەلکێشکردنى ناوچەکە بۆ جەنگێکى کراوە.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس سەرکۆنەى کوژرانى ژمارەیەک لە چەکدارانى حەشدی شەعبی کرد لە ناوچەى جورف سەخر لە باکوورى پارێزگاى بابل.
لە 30ى تەممووز، لە بۆردوومانێکدا لە ناحیەى جورف سەخرى باکووورى پارێزگاى بابل، چوار چەکدارى حەشدی شەعبی کوژران کە سەر بە لیواى 47 بوون.
هێرشەکە هاوکات بوو لەگەڵ کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیى بزووتنەوەى حەماسى فەلەستینى لە تارانى پایتەختى کۆمارى ئیسلامى ئێران.
قاسم ئەعرەجی رایگەیاند، هێرشەکەى جورف سەخر و کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، "بەڵگەى پیلانێکە بۆ پەلکێشکردنى ناوچەکە بۆ جەنگێکى کراوە کە ئەنجامێکى باشی نابێت."