چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ سوننەکان: یان یەک بەربژێر یان بە دەنگدان سەرۆکى پەرلەمان یەکلا دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى رایگەیاند، بە لایەنە سوننەکان گوتراوە، یەک بەربژێر بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان پێشکێش بکەن یان پۆستەکە لە پەرلەمان بە دەنگدان یەکلا دەکرێتەوە، بۆیە دەبێت پەلە بکەن لە یەکلاکردنەوەى.
شەوى 29ى تەممووزی 2024 هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعەکان کۆبوونەوە و یەکێک لە پرسەکان کە تاوتوێ کراوە، پۆستى سەرۆکى پەرلەمان بووە. ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە دەست لەو پرسە وەرنەدەن و پرسەکە بدەنە دەست لایەنە سوننەکان بۆ یەکلاکردنەوەى."
لە 14ی تشرینى دووەمی 2023وە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو. ئەحمەد عیساوى گوتى، "بۆچوونى روونى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ سوننەکان ئەوە بووە کە دەبێت یەک بەربژێر پێشکێش بکرێت، ئەگەرنا پرسەکە بە دەنگدان لەنێوان دوو بەربژێردا یەکلا دەکەنەوە."
دوو جار پەرلەمان دانیشتنى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى کردووە و هەردوو جارەکە لە گەڕى دووەمى دەنگداندا دانیشتنەکە هەڵگیراوە. دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەو پرسە لە 18ی ئایار بوو، رکابەرییەکە لە قۆناخى دووەمدا لەنێوان مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوى راگیرا.
ناکۆکى سەرەکى لەسەر ئەو پۆستە لە نێوان هاوپەیمانیى تەقەدووم و لایەنە سوننەکانى دیکەیە، بەرپرسەکەى رەوتى حیکمە دەڵێت: "کاتێکى دیاریکراو نییە بۆ یەکلاکردنەوەى، بەڵام کاتی کراوەشیان لەبەردەمدا نییە."