لەسەر دەستدرێژیکردنی دوو ژن بۆ سەر پۆلیسی هاتووچۆ، دەوڵەتی یاسا پەرلەمانتارێکی دووردەخاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لە پەرلەمانى عێراق پەرلەمانتارێکى لە فراکسیۆنەکەى دوورخستەوە، ئەوەش بەهۆى دەستدرێژیى دوو ژن بۆ سەر چەند ئەفسەرێکى پۆلیسى هاتووچۆ لە بەغدا.
 
لە راگەیێندراوێکدا فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لە پەرلەمانى عێراق بڕیارى دوورخستنەوەى بەها نوورى، ئەندامێکی فراکسیۆنەکەى راگەیاند و دەڵێت، دوورخستنەوەى ئەو پەرلەمانتارە بەهۆى ئەو رووداوەوە بووە کە بەرامبەر ئەفسەرانى پۆلیسی هاتووچۆ روویدا.
 
27ـی تەمموز، دوو ژن لە ناوچەى حاریسیەى بەغدا هێرشیان کردە سەر سێ ئەفسەرى پۆلیسی هاتووچۆ، دواى ئەوەى سەرپێچی یاساکانى هاتووچۆیان کردبوو. بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، ئەو ژنانە قسە بە ئەفسەرەکان دەڵێن.
 
دوورخستنەوەى ئەو پەرلەمانتارە لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بەهۆى ئەوەوە بووە، کە ناوى لەو دۆسیەیەدا هاتووە، کە گوایە بەرگرى لەو دوو ژنە کردووە. 29ـی تەمموز، دادگەى عێراق فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ئەو دوو ژنە دەرکرد.
 

ڤیدیۆی رووداوەکە، کە تێیدا یەکێک لە ژنەکان هەڕەشە لە پۆلیسەکان دەکات و دەڵێ "هێزەکانی مالیکی"ـیان دەهێنێتە سەر:

 
بەها نوورى لە پشکى پارێزگاى میسان پەرلەمانتارە و ئەمە دووەم خولە ئەندامى پەرلەمانە.
 
بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەى رووداوى هێرشکردنە سەر کارمەندانى پۆلیسی هاتووچۆ، 30ـی تەمموز، وەزارەتى ناوخۆى عێراق شەش بڕیارى دەرکرد، لەوانە نابێت ئەفسەران و کارمەندانی هاتووچۆ دەستبەرداری مافە کەسییەکانیان بن لەکاتی دەستدرێژیکردنە سەریان، هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ کەمتەرخەمینەکردن بەرامبەر رووداوەکانی دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانی هاتووچۆ و هێزە ئەمنییەکان بەگشتی، پێکهێنانی یەکەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس بەناوی یەکەی ئەرکە تایبەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و پێویست دەکات هەموو کەرەستە پێویستییەکانیشیان بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەبەردەستدا بێت.