هەفتەیەک ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

وادەی دووەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەفتەیەکی ماوە؛ تاوەکو ئێستاش ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئەو پۆستە هەر ماوە؛ هەردوولاش سوورن لەسەر بەربژێرەکانیان.
 
وائیل روکابی، بەرپرس لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، "ئێستا دوو کەسایەتی بەربژێر کراون بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە؛ چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵوێستی بەرامبەریان هەیە؛ دەنگدان دەکەوێتە سەر سازانی فراکسیۆنە سیاسییەکان و رێککەوتن، بەڵام بە بۆچوونی خۆم، ئەگەر هاوپەیمانیی نێوان رەوتی سەدر و کورد و سوننەکان وەکو خۆی بمێنێتەوە کە لە یەکەم کۆبوونەوەدا بەڕێز حەلبووسی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەوا دەتوانرێت بە هەمان شێوە و ژمارە، دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، ئینجا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەشداربێت یاخود نا".
 
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی 7ی شوباتی 2022ی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
 
هۆشیار زێباری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرهەم ساڵح، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو لە بەهێزترین بەربژێرەکانن.
 
فازل مەوات لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، "ئەم بابەتە بە پلەی یەکەم تایبەتە بە پێکهاتەی کوردی؛ هەردوو پارتە کوردییەکە پێویستە لەسەر سەرۆککۆمار رێکبکەون، ئینجا لە پارتی بێت یاخود یەکێتیی نیشتمانی و دواتر بەربژێرەکەیان پێشکێشی فراکسیۆنەکانی دیکە بکەن؛ خواستێک لای چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە کە بە ئاراستەی بەڕێز بەرهەم ساڵحە، بەڵام ئەگەر کورد هەر کەسێک لە هەر کام پارتێک بەربژێر بکات، ئەوا چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەزامەند دەبێت".
 
پارتی کە لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سەدرییەکان و سوننەکان هەیە، دڵنیایە لەوەی بەربژێرەکەیان سەرککۆماری داهاتووی عێراقە.
 
بەپێی دەستووری عێراق 30 رۆژ دوای یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ، دەبێت سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت. سەرۆککۆماری هەڵبژێردراویش لە ماوەی 15 رۆژدا بەربژێری گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت، ئەویش پێویستە لە ماوەی 30 رۆژدا کابینەکەی پێشکێشی پەرلەمان بکات.