بەشیر حەداد: کۆمپانیای نەوتی باکوور بەڵێنیداوە رێکارەکان بەرامبەر ماڵە کوردەکانی کەرکووک رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بەڵێنیداوە رێکارەکان بەرامبەر ماڵە کوردەکانی کەرکووک رابگرێت.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی گوشار و هەڕەشەکردن لەو ماڵە کوردانەی گوایە خانوویان لە زەویی کۆمپانیای نەوتی باکوور دروستکردووە، رۆژی یەکشەممە 31ی کانوونی دووەم بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد سالم، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک کردووە، بە مەبەستی راگرتنی هەوڵەکانی کۆمپانیاکە لە دەرکردنی خێزانە کوردەکان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، بە بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکووری راگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئەو ماڵە کوردانە دەربکات، چونکە "یەکەم: ئێستا وەرزی زستانە و ناکرێت بەو زستانە هیچ کەسێک بەم شێوەیە دەربکرێت. دووەم: ئەوەی تێبینی دەکرێت لەو ناوچەیەدا جگە لە کورد، نەتەوە و پێکهاتەی دیکەش هەن، بەڵام تەنیا ماڵە کوردەکانیان ئاگادارکراونەتەوە و گوشاریان بۆ هێناون تاوەکو ئەو شوێنە چۆڵ بکەن، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە".
لە بەرامبەردا، بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بەڵێنیداوە رێکارەکانیان رابگرن، هەر ئەمڕۆش دەستگیرکراوەکان ئازادکراون.
د. بەشیر حەداد راشیگەیاند، بە بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکووری گوتووە لیژنەیەکی تایبەت لە پەرلەمان و لیژنەیەکی حکومەتیش لە کار و بەدواداچووندان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئیداری و یاساییەکانی ئەو ناوچەیە و دەبێت چاوەڕێی راسپاردەکانی ئەو لیژنە بن.