سەرۆکوەزیرانى عێراق داوا دەکات یەپڕەوى ناوخۆى سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵبوەشێندرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكوەزيرانى عێراق لە دادگەى فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى سەرۆکایەتیى کۆمار کە ساڵێکە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
سکاڵاکەى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هەریەک لە سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆککۆمارە و 22ى ئەیلوول یەکەم دانیشتنى دادگە لەو بارەیەوە دەکرێت.
لە سکاڵاکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا دەکات پەیڕەوى ناوخۆى سەرۆکایەتیى کۆمار بە نادەستوورى بناسێندرێت کە لە ساڵى 2023 لە پەرلەمان پەسندکراوە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو سکاڵایە لەسەر بنەماى تێکەڵبوونى هەندێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمارە لە هەندێک پرسدا.
ئەو پەیڕەوە لە 29ى ئایارى 2023وە کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە و تێیدا وردەکارى هەندێک لە دەسەڵاتەکانى سەرۆککۆمارى دیاری کردووە، لەوانە بەربژێرکردنى سەرۆکى دیوان، جێگرانى سەرۆککۆمار، شێوازى کارى فەرمانگەکانى سەر بە سەرۆکایەتیى کۆمار.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پەسندکردنى ئەو پەیڕەوە بۆ وردکردنەوەى دەسەڵاتەکانى سەرۆککۆمار بووە کە لە دەستووردا هاتووە".
دارا سێکانیانى ئاماژەى بەوەدا کە هێشتا روون نییە مەبەستى سەرۆکوەزیران لە سکاڵاکەدا تێکەڵبوونى کام لە دەسەڵاتەکانە.
هەروەها لە سکاڵاکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق داواى کردووە ئەو وادەیە دیاری بکرێت کە تێیدا یاساى دیوانى سەرۆکایەتى ساڵى 1987 بە نادەستوورى هەژمار کراوە، دوای ئەوەى کە دەستوورى عێراق لە ساڵى 2005 کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردن.
ئەو سکاڵایەى سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پەیڕەوى ناوخۆى سەرۆکایەتیى کۆمار لە کاتێکدایە، 24ى تەممووزی 2024 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بە نووسراوێک سەرۆکایەتیى کۆمار ئاگادار کردەوە کە دەتوانن پڕۆژەیاسا پێشکێشی پەرلەمان بکەن، جگە بودجە و ژمێرەى کۆتایی بودجە نەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەت داوای کردبوو سەرجەم ئەو پرۆژەیاسایانەی سەرۆکایەتیی کۆمار ناردوونی بۆ پەرلەمان بکشێندرێنەوە.
دارا سێکانیانى گوتى، "بەگوێرەى دەستوور، سەرۆککۆمار مافی هەیە پڕۆژەیاسا پێشکێکش بە پەرلەمان بکات".