حکومەتى عێراق گومرگ دەخاتە سەر ئاردی هاوردەکراو
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری دا بە دوو قۆناخ 25%ی گومرگ بخاتە سەر ئاردى هاوردەکراو، هەروەها تۆنێک گەنم بە 450 هەزار دینار دەدرێتە ئاشەکانی نێوخۆ بۆ ئەوەى ئاردى سفری لێ دروست بکەن.
رۆژی 30ى تەممووزی 2024 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى کۆبووەوە و چەند بڕیارێکى دەرکرد، کە زۆرینەیان تایبەت بوون بە پاڵپشتى پرۆژەى نیشتمانیى بەرهەمهێنانى ئاردى بازرگانیی سفر، بڕیاردرا گەنمى بەرهەمهێندراوى نێوخۆیی بدرێتە ئاشە حکومی و ئەهلییە مۆڵەتپێدراوەکان، بە هەمان نرخى ئەو گەنمەى کە لە بەندەرى ئوم قەسر لە بەسرە هاوردە دەکرێت.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقى بڕیاری داوە بۆ پارستنى بەرهەمى نیشتمانى، گومرگ بخرێتەسەر ئاردى هاوردەکراو، ئەوەش بە شێوەى پلە بەندى و زیادکردنى ئاردى بەرهەمهێندراوى ناوخۆیی.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە 1ى ئەیلوولەوە تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى 2024، گومرگی سەر ئاردی هاوردەکراو 10% زیاد دەکرێت، لە قۆناخى دووەمدا لە 1ى کانوونى دووەمی 2025 تاوەکو 30ى حوزەیرانى 2025 بڕى گومرگەکە 25% زیاد دەکرێت، لە دواى شەش مانگ لە دانانى ئەو گومرگە، چاو بەو بڕیارەدا دەخشێندرێتەوە.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە ئەوەیە، گەنمى نێوخۆیی بۆ بەرهەمهێنانى ئاردى سفر بەکاربهێندرێت و هەر تۆنێک گەنم بە 450 هەزار دینار بفرۆشرێت بە ئاشەکان.
هەروەها بڕیاردراوە وەزارەتى بازرگانى و ئەو کۆمپانیایانەى گرێبەستیان لەگەڵ ئەو وەزارەتە هەیە، گرێبەست لەگەڵ ئاشە نێوخۆییەکاندا بکەن بۆ دەستەبەرکردنى ئاردى سفر بۆ ئەوانەى هاوکاریى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە، لەبرى ئەوەى گرێبەستى نوێ بکەن، ئەوە جگە لەوەى ئاردى سفرى بەرهەمهێندراوى نێوخۆیی بۆ وەزارەتەکانى بەرگرى، ناوخۆ، بازرگانى، داد، کار و کاروبارى کۆمەلایەتى دابین بکرێت.
هەروەها بڕیاردراوە، لە 1ى تشرینى یەکەمى 2024ەوە گومرگ بخرێتە سەر ئاردى سفر بە رێژەى 30% بۆ یەک کیلۆگرام.