سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیاریانداوە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەسێرین.
محەممەد حەلبووسی، ئەمڕۆ شەممە 30/7/2022، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "ئێمە لە دۆخێکی قورس و هەستیارین کە وا پێویست دەکات هەموومان تۆڕەییمان بوەستێنین و زۆر ئارامگربین و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی راستەقینەدا بین، هەمووان تێیدا بە یەکسانی ئەنجامەکان لە ئەستۆ بگرن، هەرچییەک بن و بە هەر ئاراستەیەک بچن".
محەممەد حەلبووسی گوتیشی: "جیاوازیی دیدگەکان تەنانەت لە نێوان لایەنەکان لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان و لە نێو دێرینترین دیموکراسییەکانی جیهان دۆخێکی ئاساییە، بۆیە ئاستی هەرچەندێک بێت هەر گفتوگۆ چارەسەرە. هەروەها، بانگەوازەکەمان راستگۆیانە و دڵسۆزانەیە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بریندارە، بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان و هاووڵاتی. هەروەها، بۆ وردبوونەوە لە لێکەوتەکانی رووداوەکان و ئەنجامە کارەساتبارەکانیان، ئەگەر گرژی و نیگەرانی بەردەوام بن".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەش دەکات: "لە روانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و سیاسی و پیشەییەوە، هەروەها، لە روانگەی پابەندبوون بە سوێند. بڕیارماندا: یەکەم، دانیشتنەکانی پەرلەمان تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەسێرین. دووەم، داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەم رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و خۆپێشاندەران، کە داوایان لێدەکەم ئاشتیخوازیی خۆیان و سامانەکانی دەوڵەت بپارێزن".
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیشی کردەوە: "داوا لە هەموو سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان دەکەم کۆبوونەوەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بکەن، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی کارا و بەرپرسانە ئەنجامەکانی بۆ نیشتمان بن. هاوکات، بەرژەوەندیی نیشتمان بخرێتە پێشی هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکان. هەروەها، هاوڕا بن بۆ پاراستنی وڵات و سامانەکانی گەل، بۆ ئەوەی ئەمە لەم قەیرانەمان دەرباز بکات، کە درێژەی کێشا و گەل زۆر چاوەڕوانی چارەسەرکردنی بوو".
لایەنگرانى رەوتى سەدری شیعە، ئەمڕۆ لە بەغدا خۆپێشاندانیان دەستپێکرد دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە لە لایەن چوارچێوەى هاوئاهەنگیی شیعەوە بە رابەرایەتی نووری مالیکی بەربژێکراوە.
خۆپێشاندەرانی رەوتی سەدر هەر ئەمڕۆ هاوشێوەی چوارشەممەی رابردوو چوونە نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق و ئامادەنین چۆڵی بکەن تاوەکو لە لایەن موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرەوە فەرمانیان پێدەکرێت چۆڵی بکەن.