عەممار حەکیم داوای دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکات


رووداو-هەولێر

سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند: "داوا لە برایانی رەوتی سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەین گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆ و بونیادنەر دەستپێبکەن، ئەوەش لە ژێر چەتری نیشتمان و بەرژەوەندیی نیشتمانی بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەکان".
 
عەممار حەکیم، کە هاوکات سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانییە لە عێراق، ئەمڕۆ شەممە 30/7/2022 لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەو دۆخە نالەبارەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، ئەوە لە هەمووان دەخوازێت کە ژیری و لۆجیک و گفتوگۆ و نەرمی نواندن بۆ عێراق و گەلەکەی بنوێنن. لێرەوە بە راستگۆیی و نیازێکی پاکەوە داوا لە برایانی رەوتی سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکەین گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆ و بونیاتنەرانە دەستپێبکەن، ئەوەش لە ژێر چەتری نیشتمان و بەرژەوەندیی نیشتمانی بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەکان".
 
عەممار حەکیم گوتیشی: "دەبێ لەو گفتوگۆیەدا جەخت بکرێتەوە لە دڵنیاییکردنەوەی هەمووان لە لایەن هەمووانەوە، سەبارەت بەوەی کە نیازی پەراوێزخستنی هیچ کەسێک بۆ بەرژەوەندیی کەسێکی دیکە نییە. هەروەها وەکو هەمیشە دڵنیایی دەدەین کە گفتوگۆ تاکە رێگەی نزیک و کورتە و هیچ رێگەیەکی دیکە نییە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و سەرکەوتوو بۆ رزگارکردنی عێراق، لەگەڵ خۆپاراستن لە خزانە نێو دۆخێک [کە] نیشتمان بەرەو نەخوازراو ببات".
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت هەروەها دەشڵێت: "داوا لە هەموو لایەنەکان و جەماوەریان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و زۆر ژیربن بۆ رێگرتن لە فەوتانی ئەو نیشتمانەی کە قەرەبوو ناکرێتەوە".
 
ئەمڕۆ لایەنگرانى رەوتى سەدر لە بەغدا خۆپێشاندانیان دژى بەربژێرکردنى محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی وڵات لە لایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە دەستپێکرد و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمانى عێراق.
 
لە خۆپێشاندانەکەدا 125 کەس برینداربوون کە 100 کەسیان هاووڵاتی سڤیل بوون و 25 کەسەکەی دیکەشیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون.