رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی بەدر، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، لە دیداریان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە کێشەکان؛ باسی خاڵە ئەرێنییەکان و پەرەسەندیان کردووە. لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانیش گوتی: "چارەسەر دەکرێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی ئایار 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا سەردانی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدری کرد. دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، هادی عامری بۆ میدیا دوا و هەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەکە کرد. "گفتوگۆ تەنیا لەبارەی کێشەکان نەکراوە، بەڵکو بۆ پەرەسەندنی خاڵە ئەرێنییەکانیش بووە."
هادی عامری گوتی: "تەنیا لەبارەی کێشەکان نادوێین، بەڵکو خاڵی ئەرێنی زۆر هەن بۆ ئەوەی تیشکی بخرێتە سەر. ئەمڕۆش بەڕێزیان سەردانی بەغدایان کردووە بۆ پتەوکردنی خاڵە ئەرێنییەکان و چەند پرسێکی دەستنیشان کرد بۆ چارەکردنی کێشەکان."
گوتیشی: "هانی سەرۆکوەزیرانماندا بۆ بەردەوام سەردانیکردنی بەغدا. پێمانوایە لە رێگەی ئەم دیدار و کۆبوونەوانەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بەغدا دەکرێ چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند."
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو، سەبارەتی بە چارەسەرکردنی کێشەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هادی عامری گوتی: "هەمووان پابەندی بڕیاری دادگەی فیدراڵین. تەنیا کێشەیەکەی تەکنیکی بۆ بابەتی بەجێکردنی مووچە هەیە و چارەسەریش دەکرێت. دووپاتی دەکەمەوە تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی هەیە بۆ بەجێکردنی مووچەکان و چارەسەر دەکرێت."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ