گەنجێکى عێراقى کێشەیەک لە فەیسبووک و ئینستاگرام دەدۆزێتەوە و خەڵات دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پرۆگرامەرێکى عێراقى کێشەیەکی تەکنیکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بە کۆمپانیاى مێتا دەدۆزێتەوە؛ دواى چارەسەرکردنى کێشەکەش ئەو کۆمپانیایە 11 هەزار دۆلار وەک پاداشت پێیدەدات.
موئەمەل ئەحمەد شەکیری 24 ساڵ، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "کێشەیەکم لە هەردوو تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک و ئینستاگرام دۆزییەوە، کە دەمتوانى هەر ڤیدیۆیەک بمەوێت، بیسڕمەوە بێ هیچ رێگەپێدانێک. بە فەرمى کۆمپانیاى مێتام لەو کێشەیە ئاگادار کردەوە."
گفتوگۆى نێوان ئەو گەنجە و کۆمپانیاى مێتا لە 9ـی ئەیلوولى 2023 دەستیپێکرد و، رۆژی 29ـی ئایار پاداشت کرا.
موئەمەل ئەحمەد شەکیر، بەڕێوەبەرى ئاسایشى ئەلیکترۆنییە لە ناوەندى راگەیاندنى ژمێرەیی عێراق، گوتى: "10 هەزار دۆلارم وەک پاداشت لەلایەن کۆمپانیاى مێتا پێدرا؛ هەزار دۆلاری دیکەشم بەهۆى دواکەوتنى وەڵامدانەوەم لەلایەن کۆمپانیاکەوە بۆ پاداشتەکە زیاد کرا."
گەنجە عێراقییەکە دەڵێت، بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە، لە رێگەى ئیمەیڵەوە پەیوەندیی بەردەوامیان هەبووە.