بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد مووشەکباران کرا
رووداو دیجیتاڵ
بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدا جێگیرکراون، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە مووشەکباران کرا.
شەوی دووشەممە 30-05-2022 بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدا جێگیرکراون لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە مووشەکباران کرا. سەرچاوەیەک لە هێزەکانی هاوپەیمانان بە رووداوی راگەیاند، پێنج مووشەک بوون و لە دەرەوەی بنکە سەربازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەو سەرچاوەیە بەبێ ئەوەی ئەنجامدەری مووشەکبارانەکە ئاشکرا بکات گوتی: "لەلایەن گرووپە میلیشاکانەوە مووشەکەکان ئاراستە کراون و زیانی نەبووە".
رۆژی 30ـی نیسانی 2022یش مووشەکێک ئاڕاستەی بنکەی عەین ئەسەد کرا، بەڵام مووشەکەکە لە دەرەوەی بنکەکە کەوتووەتە خوارەوە و زیانی نەبووە.
بنکەى عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبارە، 180 کیلۆمەتر لە خۆرئاواى بەغداوە دوورە. یەکێکە لە بنکەکانى سوپاى ئەمریکا لە عێراق.
لە ماوەی رابردوودا چەندینجار بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە، لە دواپێشهاتیشدا کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی کە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد فڕۆکەکانی ئێف 16ـی چاکدەکردەوە هەموو کارمەندانی خۆی لە بنکەکە کشاندەوە، ئاشکراشیکرد: "ئەو هەنگاوەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندانمانە."
لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی پێشووی حەشدی شەعبی لە سەرەتای ساڵی 2020دا، هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بنکەی ئاسمانیی بەلەد و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە دیارترین ئەو ناوچانەن کە تائێستا بە مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج.
ئەو گرووپانەی بەردەوام تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکان بریتین لە: حیزبوڵڵا، رەبعوڵڵا، ئەسحابولکەهف، ئەولیا دەم، کە گرووپی شیعەن و بەوە دەناسرێن زیاتر لە ئێرانەوە نزیکن.
لە دوای کوژرانی سولەیمانییەوە، گرووپی جیاوازی چەکداری شیعە لە عێراقدا سەریانهەڵدا، کە زۆرجار ئەو هێرشانە لە ئەستۆ دەگرن، لەوانەش: سەرایا ئەولیا ئەلدەم، ئەسحاب ئەلکەهف، عوسبەت ئەلسائیرین، سریەکانی شۆڕشی تشرین، هێزەکانی زولفەقار، سەرایا ئەلمونتەقیم، تۆڵەی موهەندیس، تێکشکێنەری تووڕە و ئەلغاشیە.