ئەمریکا سیستمی پاتریۆت لە هەولێر و عەین ئەسەد جێگیردەکات

رووداو- هەولێر 

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و عێراق دەڵێن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیستمی بەرگریی پاتریۆتی بۆ دوو بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق گواستوەتەوە. 
 
لە کانوونی دووەمی رابردووەوە و دوای هێرشەکە مووشەکییەکەی ئێران، حکومەتەکانی ئەمریکا و عێراق دەستیان بە دانوستاندن کرد لەبارەی جێگیرکردنی سیستمی دژەمووشەکی ئەمریکی لە عێراق. 
 
بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان راگەیاند، هەفتەی رابردوو سیستمێکی دژەمووشەکی پاتریۆت بۆ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار گواستراوەتەوە و لەوێ جێگیردەکرێت. 
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمێکی دیکەی پاتریۆت بۆ هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە. 
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە گوتی، دوو پاتریۆتی دیکە لە کوەیتن و پلانەکە بەو جۆرەیە ئەوانیش بگوازرێنەوە بۆ عێراق. 
 
سیستمی پاتریۆت راداری پێشکەوتووی هەیە و لە کاتی نزیکبوونەوەی مووشەکدا سیستمە مووشەکییەکەی چالاک دەبێت بۆ تێکشکاندنی هەر مووشەکێک کە بەو ئاراستەیە دێت. 
 
بەگوتەی بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی، سەرەتا بەرپرسانی عێراق دژی جێگیرکردنی سیستمە دژەمووشەکییەکە بوون لە خاکی وڵاتەکەیاندا، بەڵام لە شوباتی رابردوودا ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی لە کاتی کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ژەنەڕاڵ کێنس مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی کەمبکاتەوە، بەتایبەتی کاتێک دەیەوێت سیستمی دژە مووشەکی دابنێت. 
 
لە چەند رۆژی رابردوویشدا حکومەتی ئەمریکا بەو جۆرەی کرد و ژمارەیەک بنکەی سەربازیی رادەستی هێزە عێراقییەکان کردەوە. 
 
دیپلۆماتێکی رۆژئاواییش لە بەغدا بە فرانس پرێسی راگەیاند، ئامانجی ئەمریکا لەم هەنگاوەی بریتییە لە پاراستنی سەربازەکانی، کە ئێستا لە ژمارەیەکی کەمتری بنکەی سەربازییدان.