کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: ئەم ساڵ زیاتر لە 100 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە 100 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان؛ زیاتر لە پێنج هەزار خێزانی ئاوارەش گەڕاونەتەوە شنگال.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم ساڵ زیاتر لە 10 هەزار خێزانی ئاوارە کە زیاتر لە 100 هەزار کەس دەبن، لە تەواوی عێراق دا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان".
سەبارەت بە ئاوارەکانی شنگال، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت "نزیکەی پێنج هەزار و 600 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال".
عەلی عەباس راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان 20 کەمپی ئاوارەکان ماون؛ 16ـیان لە دهۆک و 4 دانەکەی دیکە لە هەولێرن.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 20 هەزار ئاوارە لەو کەمپانە دا دەمێننەوە؛ 18 هەزاریان لە دهۆک و دوو هەزاریان لە هەولێر.
عەلی عەباس، باسی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد و گوتی "ئێستا پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان کەمبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی منداڵەکانیان لە قوتابخانەن و کەشەکەش ساردە. پرۆسەی گەڕانەوە زیاتر لە مانگەکانی 8 تاوەکو 11 دەبێت".