وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق شەش مانگ بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەى ئاوارەکان دیاری دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ماوەى شەش مانگ بۆ یەکلاییکردنەوەى دۆسیەى ئاوارەکان دیاری دەکات، بەڵام "بەبێ دەستوەردان". گوتەبێژى ئەو وەزارەتە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو وادەیە ئاوارەکانى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام بە فەراهەمکردنی پێداویستى و مەرجەکان".
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ى کانوونى یەکەمى 2022، ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند، شەش مانگیان دیاریکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەى ئاوارەکان لە عێراق و داواى لە لایەنە سیاسییەکانیش کرد کە دەست لەو دۆسیەیە وەرنەدەن و بۆ موزایەدەى سیاسى و ناوبانگ بەکاری نەهێنن. 
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 37 هەزار خێزانى ئاوارە لە کەمپەکاندان، ئەوە جگە لەوانەى لە دەرەوەى کەمپەکانن، بەتایبەت لە سنوورى هەرێمى کوردستان.
 
رۆژی 29ى کانوونى یەکەمى 2022، عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو شەش مانگەى دیاریکراوە لە چوارچێوەى کارنامەى حکومەتى نوێى عێراقدایە، بەڵام جێبەجێکردنى تەنیا پەیوەست نییە بە وەزارەتەکەیەوە، بەڵکو پێویستى بە فەراهەمکردنى بارودۆخى گونجاوى ئابوری و سیاسی و مەرجى پێویستە بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکان.
 
عەلى جیهانگیر گوتیشى: "دیاریکردنى ئەو شەش مانگە سەرجەم ئاوارەکان دەگرێتەوە، بەوانەشەوە کە لە کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستانن".
 
ئەوە لەکاتێکدایە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق و وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ یەکخستنى کەمپى ئاوارەکان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەولێر وەک هەنگاوێکى بەرایی بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکان.