بە مووشەک هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی سینییە لە بێجی

 
رووداو دیجیتاڵ

پاڵاوگەی سینییە بە مووشەک هێرشیکرایە سەر و رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2020، مووشەکێک لە پاڵاوگەی سینییە لە ناوچەی بێجی سەر بە پارێزگای سەلاحەددین کەوتەخوارەوە، بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێک ئاگر لە کۆگایەکی پاڵاوگەی سینییە کەوتەوە، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا و رووداوەکەش هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
 
حامد یونس، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن رایگەیاند، لە چەند کاژێری داهاتوودا پاڵاوگەکە دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.
 
لای خۆیەوە، رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشەی سەر پاڵاوگەی سینییە راگەیاند.
 
پاڵاوگەی سینییە رۆژانە توانای پاڵاوتنی 20 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، لە ساڵی 2017 حکومەت بەگەڕیخستەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی داعش زیانی زۆری بەرکەوت لە ساڵی 2014دا.