کار و کۆمەڵایەتیی عێراق بۆ رووداو: سێشەممە هاوکاری دارایی قوتابیان و خوێندکارانی کەمدەرامەت خەرج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق هاوکاری دارایی قوتابی و خوێندکارانی کەمدەرامەت لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان خەرج دەکات.
ئەحمەد خەلەف موسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 29-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵپشت بە مادەی 52ـی یاسای بودجە، رێکارەکانی خەرجکردنی هاوکاریی دارایی مانگی تشرینی یەکەم بۆ قوتابیان و خوێندکاران تەواو بووە و رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە خەرج دەکرێت.
بەگوێرەی مادەی 52ـی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023 ،2024 و 2025)، مانگانە هاوکارییەکی دارایی دەدرێتە ئەو قوتابی و خوێندنکارانەی خێزانەکانیان تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.
سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، "مانگانە قوتابی سەرەتایی 30 هەزار، ناوەندی و ئامادەیی 50 هەزار، بەکالۆریۆس 100 هەزار و ماستەر و دکتۆرا 150 هەزار دینار وەردەگرن، ئەوانە کەمدەرامەتن و خێزانەکانیان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتییان هەیە."
ئەحمەد خەلەف موسەوی دەشڵێت، "دوو ملیۆن و 300 هەزار قوتابی و خوێندکار لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان لەو پڕۆژەیە سوودمەندن و هاوکاریی دارایی دەکرێن."
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، موسەوی گوتی، "هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە."
پڕۆژەکە بەو جۆرەیە، سێ ساڵ پارەکە بۆ قوتابی و خوێندکارەکان خەرج دەکرێت، دەبێت قوتابی یان خوێندکارەکە دەوام بکات و لە وانەکانی نەکەوێت. ئەگەر قوتابییەک یان خوێندکارێک لە ساڵێکی خوێندن 25 رۆژ دەوامی نەکرد یان نەهاتن بگاتە ئاستێکی رێگەپێنەدراو، ئیدی پارەکەی دەبڕدرێت.
هەروەها نابێت ئەو کەسە لە قوتابخانە دەرکرابێت و نابێ فەرمانبەریش بێت.
هەموو قوتابییانی خێزانێک پارەکە دەیانگرێتەوە. هاوکارییەکە ساڵانە 9 مانگ خەرج دەکرێت لە 01-10 بۆ 30-06. وەزارەتی پەروەردەی عێراق پێیوایە پێدانی ئەو پارەیە وازهێنان لە خوێندن و کەوتن کەمدەکاتەوە.