چیرۆکی دوای مەرگەساتەکەی حەمدانیە تەواو نابن؛ ماریا لە باوەشی باوکی کەوتووە و گیانی لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکی دوای مەرگەساتەکەی حەمدانیە تەواو نابن، ئەمڕۆ 10 تەرمی دیکەی رووداوەکە بەخاک سپێردران. ژنێک کە 12 کەسی ماڵباتەکەی لەدەستداوە، لەکاتی بەخاکسپاردنی ئازیزانی، پڕ بە قوڕگی هاواری دەکرد و دەگریا. ژنێکی بەتەمەنیش کە نەوەکەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە، چەند جارێک وێنەی منداڵە ساواکەی ماچ کرد و بەکوڵ بۆی دەگریا.
 
ئەمڕۆ سێیەم کاروانی قوربانییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە لە گۆڕستانی قیامە لە حەمدانیە بەخاک سپێردران. بۆ کەسوکاری قوربانییان ئەمڕۆ قیامەتێک بوو؛ هەمووان هاواریان دەکرد و پڕ بە قوڕگیان دەگریان.
 
ماریا ئەسعەد کە تەمەنی ساڵێک و هەشت مانگ بوو، یەکێک بوو لە قوربانییانی رووداوەکە، کاتێک ئاگر کەوتووەتەوە، لە باوەشی باوکی دا بووە، بەڵام لەوکاتەدا، لە باوکی ونبووە و لەگەڵ داپیر و هەشت کەسی دیکەی ماڵباتەکەیدا، گیانی لەدەستدا.
 
ئەسعەد قریاقۆس، باوکی مەریەم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کچەکەم گیانی لەدەستدا، دایک و براکەمیش لەو رووداوەدا گیانیان سپارد، برایەکی دیکەیشم لەگەڵ دوو کوڕ، کچێک و هاوژینەکەی هەر لەوێ گیانیان لەدەستدا. کچەکەم زۆر منی خۆش دەویست، کاتێک دەگەڕامەوە لەسەر کار، لەپێش دەرگە چاوەڕێمی دەکرد."
 
تاوەکو ئێستا 68 تەرم کە ناسنامەکانیان ئاشکرا کراوە، لە گۆڕستانی قیامە بە خاک سپێردراون و 12یان منداڵن. ژنێکی دیکە کە 12 کەسی ماڵباتەکەی لەدەستداوە، بەکوڵ بۆیان دەگری و فرمێسک لە چاوەکانی ناوەستێت.
 
پزیشکی دادی موسڵ تاوەکو ئێستا 102 تەرمی تۆمار کردووە کە هێشتا 34 کەسیان ناناسرێنەوە و پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ کراوە. 30 برینداریش کە لە نەخۆشخانەکانن، دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە.