یەکەم هەنگاوى کردەیى بۆ سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

یەکەم هەنگاوى کرداریى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان، یەکى ئەیلوول پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات کە دوو مانگ دەخایێنێت. 
 
عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "یەکشەممەى داهاتوو پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان دەستپێدەکات کە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە."
 
عەبدولزەهرە هینداوى گوتى: "ئەو پرۆسەیە ماوەى دوو مانگ دەخایێنێت و لە چوارچێوەى ئامادەکارییەکانە بۆ سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان."
 
لەو پرۆسەیەدا تیمەکانى سەرژمێرى بەسەر چەند بلۆکێکدا دابەش دەکرێن بۆ گەمارۆسازی و ژمارەلێدان، هەر بلۆکێک خانوو و باڵەخانەکانى سنوورەکەى دەگاتە 120.
 
لە دواى 37 ساڵ، بڕیارە لە 20ى تشرینى دووەمى داهاتوو، سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بکرێت کە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
18ـى ئابی 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا ئامێر، پێداویستى، رێگەپێدان و سێرڤەرى پێویست بۆ ناوەندى زانیارییەکانى هەرێمى کوردستان دابین بکات بۆ گواستنەوەى زانیارییەکانى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ ناوەندى سەرەکى و بە پێچەوانەوە.
 
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، رێوشوێنەکانى دابینکردنى پێداویستى ئەو ناوەندە دەستیپێکردووە و بەر لە رۆژى سەرژمێرى ئامادە دەبێت. 
 
31ى ئایار تاوەکو 13ى حوزەیران سەرژمێریى ئەزموونى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، وەکو ئامادەکارییەک بۆ سەرژمێریی گشتی لە چەند گوند و شارۆچکەیەک دەستیپێکرد.