کازمی: تەقەکردن و بەکارهێنانی گولـلەی زیندوو دژی خۆپێشاندەران بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

مستەفا کازمی بڕیاریدا "لێکۆڵینەوەی خێرا" لە رووداوەکانی ناوچەی سەوز و سەرچاوەی تەقەکردنەکان بکرێت، کەمتەرخەمەکان دیاری بکەن و بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیار دراوە بەوەی "تەقەکردن و بەکارهێنانی گولـلەی زیندوو لە دژی خۆپێشاندەران لە هەر لایەنێکی ئەمنی، یان سەربازی و چەکداری بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە وەزارەت و دەستە و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان، کار بە چوارچێوە و دەسەڵات و رێکخستنە رێگەپێدراوەکانیان بکەن.
 
کازمی هێزە ئەمنییەکان بە بەرپرس دەزانێت لە پاراستنی خۆپێشاندەران و دەڵێت، بە "هەر سەرپێچیکردنێکی رێنوێنیی ئەمنی، ئەوا رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە."
 
هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوایکردووە، "لێکۆڵینەوەی خێرا لە رووداوەکانی ناوچەی سەوز و سەرچاوەی تەقەکان بکرێت، کەمتەرخەمەکان دیاری بکەن و بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن."
 
مستەفا کازمی داوایشی لە هاووڵاتییان کردووە پابەندی رێنوێنییە ئەمنییەکان و بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ بن.