وەزارەتی پەروەردەی عێراق تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوزی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە، وەزارەتى پەروەردەى عێراق تاقیکردنەوەکانى خولى دووەمى خوێندنى سەرەتایی و ناوەندیی بۆ کاتێکى نادیار دواخست.
 
وەزارەتى پەروەردەى عێراق رایگەیاند، بڕیاری داوە تاقیکردنەوەى وزاریى خولى دووەمى خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى بۆ ساڵى خوێندنى 2021 - 2022 بۆ کاتێکى نادیار دوابخات.
 
لە راگەیێندراوەکەى وەزارەتى پەروەردەدا هاتووە، "ئەو بڕیارە بەهۆى ئەو دۆخە لەناکاوەیە کە وڵاتەکەمان پێیدا تێپەڕدەبێت و بڕیارەکە لەپێناو پاراستنى گیانى خوێندکاراندا بووە."
 
ئەمڕۆ 29ى ئابى 2022، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر، بڕیاریدا دەستبەردارى کارى سیاسى ببێت و بەدوایدا لایەنگرانى رەوتەکەى لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد و چوونە نێو کۆشکی کۆماریی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
 
دوای خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق لە کاژێر 15:30ى ئەمڕۆوە بڕیارى قەدەخەى هاتووچۆی لە بەغدا راگەیاند.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لە موقتەدا سەدر کردووە، داوا لە لایەنگرانی رەوتەکەی بکات ناوچەی سەوز جێبهێڵن.