لە کەربەلا سەتان هەزار شیعەمەزهەب یادی عاشوورایان کردەوە؛ بەشێکی بەرچاویان منداڵ و مێرمنداڵان بوون
رووداو دیجیتاڵ
حەسەن، تەمەنی 12 ساڵە و لە رێوڕەسمەکانی عاشوورا لە کەربەلا بەشدار بووە، بە زنجیر لە سنگی دەدات و دەڵێ ئەو لەخۆدانەی نەک ئازاری نادات، بەڵکو کارێکی پیرۆزە و دەشیپارێزێت.
حەسەن حەیدەر، منداڵە 12 ساڵانەکە قسە بۆ رووداو دەکات و، دەڵێ "کە لەبەر خاتری حوسێن بە زنجیر لەخۆم دەدەم، تەندروستیم پێدەدات، من و کەسوکارم دەپارێزێت و تەندروستترم دەکات لەوکاتەی کە نەخۆش بووم".
ئەمڕۆ، رێوڕەسمی عاشوورا، کە بۆ رۆژی شەهیدکردنی ئیمام حوسێنە لە کەربەلا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ سەتان هەزار کەس و بەگشتیش بۆ سەرجەم رێوڕەسمەکانی عاشوورا بە ملیۆنان شیعەمەزهەب بەشدارییان تێدا کرد.
پلەی گەرمای کەربەلا ئەمڕۆ گەیشتە 46 پلەی سیلیزی، لەژێر ئەو خۆرە بەتین و گەرمایەشدا، شەقام و کۆڵانەکانی کەربەلا پڕ بوون لە کەسانی شیعەمەزهەب.
راکردنی توێریج، رووکنێکی سەرەکیی زیارەتکارانە کە لە نوێژی نیوەڕۆ تاوەکو نوێژی ئێوارە، درێژەدەکێشێت، دواتر رێوڕەسمەکە کۆتایی دێت و خواحافیزی و گەردەن ئازایی دەکەن.
بەشێکی زۆری زیارەتکاران، منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووەتە کەربەلا و وێنەی یادگاریی بە جلوبەرگی رەشەوە دەگرن، هەندێکیشیان هاوڕێن و بەیەکەوە هاتوون.