عەممار حەکیم: ناکرێت لە ئاست تاوانەکەی زاخۆ بێدەنگ بین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق لەبارەی تۆپبارانەکەی رۆژی 20ـی ئەم مانگەی سنووری زاخۆ قسەی کرد و رایگەیاند، ناکرێت بەرپرسانی عێراق لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییەدا بێدەنگ بن. عەممار حەکیم بە پێویستیشی زانی هێزە سیاسییەکانی عێراق دەستبەرداری هەڵوێست و سیاسەتی خۆیان بن بۆئەوەی قۆناخێکی نوێ لە عێراق دەستپێبکات و چەقبەستوویی سیاسیی وڵات کۆتایی بێت.
"هێرشەکەی زاخۆ تاوان بوو"
رۆژی هەینی 29-7-2022، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە گوتارێکدا لە بەغدا رایگەیاند: ئەوەی رۆژی 20ـی ئەم مانگە لە سنووری زاخۆ روویدا تاوانێکی قێزەون بوو و ناکرێت بەرپرسانی عێراق لە ئاستییدا بێدەنگ بن و پشتگوێی بخەن. عەممار حەکیم گوتی، ئەوەی لە زاخۆ روویدا "بەشێکە لە زنجیرەیەکی بەردەوامی رووداوەکانی پەلکێشی سەربازیی تورکیا لەنێو خاکی عێراقدا."
رۆژی چوارشەممە 20-7-2022 چوار گوللە تۆپ ئاراستەی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری گوندی پەرەخی شارۆچکەی دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کران و بەو هۆیەوە 9 گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 26ـی دیکەش برینداربوون. عێراق بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی تورکیا.
عەممار حەکیم گوتی: "ناکرێ لە بەرانبەر پێشێلکردنی سەروەریی عێراق بێدەنگ بین، لە کاتێکدا بە ئاشکرا دەبینین سەروەریی عێراق پێشێل دەکرێت. ئێمە چەندین جار دڵنیاییمان داوە لەو کەسانە نین کە خراپەکاری بەرامبەر دراوسێکەیان دەکەن."
سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتی: "نامانەوێ پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی تێکبدەین، بەتایبەت کە پەیوەندی مێژوویی و کولتووری لەگەڵ بەرژەوەندیی ئابووری لە نێوانمان هەبێت. ئاشتی و ئارامیمان لەگەڵ هەمووان دەوێت، بەڵام بەو مەرجەی لەسەرشانی شکۆی عێراق نەبێت، چونکە ژیان بێ شکۆ سوودی نییە. ئەو تاوانە قێزەونەی کە پێش چەند رۆژێک لە هاوینەهەوارێکی پارێزگای دهۆکی خۆشەویست روویدا، ناکرێ لە ئاستیدا بێدەنگ بین و پشتگوێی بخەین. ئەوە بەشێکە لە زنجیرەیەکی بەردەوامی رووداوەکانی پەلکێشیی سەربازیی تورکیا لەنێو خاکی عێراق."
کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی عێراق
بەشێکی دیکەی قسەکانی عەممار حەکیم لەبارەی ئەو دۆخە سیاسییە بوو لە عێراقدا هەیە.
عەممار حەکیم لەوبارەوە گوتی: "داوا لە هەموو هێز و لایەنە نیشتمانییەکان دەکەم، دەستبەرداریی هەستیاری و چەقبەستووییەکانی پێشوو ببن؛ دەست بە گفتوگۆی بەرپرسیارانە و رژد بکەن کە شایستەی گیان و شکۆی عێراقییەکان بێت؛ هەروەها لەسەر بنەمای متمانەی هاوبەش و کاری نیشتمانی، هەریەکە و لای خۆیەوە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و هاوکاری یەکدی بن بۆ دروستکردنی بڕیاری ستراتیژیی باڵا و کاریگەر."
ئەم گوتەیەی عەممار حەکیم لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 28-7-2022 چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و لیژنەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق راسپارد.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی وڵات دیاریکردووە، بەڵام رۆژی چوارشەممە 27-7-2022 خۆپیشاندەرانی لایەنگری رەوتی سەدر بەربژێرکردنی ناوبراویان بۆ ئەو پۆستە رەتکردەوە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە پۆستی سەرۆککۆماریشەوە هەیە، تاوەکو ئێستا پارتی بەربژێری خۆی هەیە و یەکێتیش بەربژێری خۆی، هەرچەندە دانوستاندنەکان بۆ نەهێشتنی ئەو دوو بەربژێرییە بەردەوامن.