رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دوو کاتیۆشا لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتنەخوارەوە و ئۆتۆمبێلێک زیانی پێگەیشتووە و شووشەی پەنجەرەی چەند خانوویێک شکاون.
مووشەکەکانی شەوی رابردوو کەوتوونەتە ناوچەی جادرییە و بەگوتەی پەیامنێری رووداو، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی بەر هەندێک ئۆتۆمبێل و خانوو و باڵەخانە کەوتووە.
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکە رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکان هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە بەغدا، بەڵام بەهۆی سیستەمی بەرگریی و سیستەمی پاتریۆت لەنێو باڵیۆزخانەکە هەمیشە ئاراستەی مووشەکەکان دەگۆڕێت و بەر شوێنی گشتیی دەکەون و لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە دەکەونە خوارەوە.
ئەو مووشەکانەی شەوی رابردووش لە گەڕەکێکی ناوچەی جادرییە کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی 06-07-2021 بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا. پەیامنێری رووداو باسی لەوە کردبوو کە بەپێی ئەو زانیارییانەی گرووپە شیعییەکانی نزیک لە ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە.
هەروەها بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 08-07-2021 سێ مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کران. یەکێکیان بە سیستمی دژە مووشەکی تەقێندرایەوە. دووەمیان بەبێ زیان لە گەڕەکی بەلەدیات کەوتەخوارەوە و سێیەمیشیان بەر ئۆتۆمبێلی کەسێک لە گەڕەکی شێخ عومەر کەوت.
لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، نزیکەی 10 گرووپی تووندڕەوی حەشدی شەعبی لەژێر ناوی بەرەی بەرگری راگەیێندراون کە بنکە و بارەگا دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
رەبعوڵڵا، سەرایا ئەولیاء ئەلدەم و کەتائیب سەید ئەلشوهەدا دیارترینی ئەو گرووپانەن و لەدوای هەر هێرشێک، حکومەتی عێراق بەبێ ئاشکراکردنی هیچ وردەکارییەک، جەخت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە دەکاتەوە.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 67 گرووپی جیاواز پێکهاتووە. هەرچەند بەپێی یاسا بەشێکن لە هێزی بەرگریی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقن و جگە لە هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز و هەڕەشەکردن لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە نزیکەی 50 هێرشیان لە دژی ئەمریکییەکان ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ