داوا دەکرێت پەرلەمانی عێراق بۆردوومانەکانی تورکیا تاوتوێ بکات

رووداو - هەولێر 

52 پەرلەمانتاری عێراق بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی وڵات دەکەن بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران بۆردوومانەکانی تورکیا و بوونی هێزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ بکات.


کاوە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان کە واژۆکانی کۆکردوەتەوە و نووسراوەکەی پێشکەشکردووە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نووسراوەکەمان پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان کردووە و داوا دەکەین لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا و بە ئامادەبوونی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی دیکە ئەم پرسە تاوتوێ بکرێ".

کاوە محەممەد گوتیشی، "دەبێت کۆتایی بەوە بهێنین کە چیتر هاووڵاتیانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان بکرێن و پێویستە سەروەریی خاکی عێراق پێشێل نەکرێت و بڕیارێک دەربکرێت و حکومەتی عێراق پابەند بکرێ بە جێبەجێکردنی کە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ و کۆتایی بە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەروەریی خاکی عێراق بهێنێت بەهۆی بۆردوومانی تورکیا و بوونی هێزەکانی تورکیا".

سەبارەت بەوەی حکومەتی عێراق چی پێدەکرێت بۆ راگرتنی بۆردوومانەکانی تورکیا و دەرکردنی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق، کاوە محەممەد گوتی"عێراق دەوڵەتێکە خاوەن سەروەری خۆیەتی و ئەندامە لە نەتەوەیەکگرتووەکان".

روونیشیکردەوە "بەدڵنیاییەوە ئەم پێشێلکارییانە دژی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆیە عێراق دەتوانێت لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا تۆمار بکات و ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت و هەوڵ بدات پاڵپشتی بۆ کۆبکاتەوە و رێگە لەم پێشێلکارییانە بگرێت".

پێنجشەممەی رابردوو و لەمیانی شەڕی تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و بۆردوومانی دوو گوند لە بناری قەندیل، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.