ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەگۆِڕێت
رووداوـ ئاژانسەکان
جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایدەگەیەنێت، بەهۆی دوورخستنەوەی سێ پاڵێوراو ئەنجامی هەڵبژاردنەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
گاتع زەوبەعی، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند: "دوای یەکلاکردنەوەی سەرجەم تانەکان، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی کۆتایی پەسەندکرد".
ئاماژەشی بەوەكرد: "بەهۆی دوورخستنەوەی سێ پاڵێوراوی براوە لە هەرسێ پارێزگای نەجەف، موسەننا و بەغدا، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گۆڕانی بەسەردا دێت".
زەوبەعی گوتیشی: "هەر ئەمڕۆش ئەنجامە کۆتاییەکان رەوانەی پارێزگاکان دەکرێن".
زەوبەعی ئەوەشی ئاشكراكردووە "دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و سێ براوەشی دوورخستەوە، دوو پاڵێوراو بەهۆی تاوانی جینائی دوورخرانەوە و یەکێکیشیان بەهۆی بوونی جیاوازییەکی زۆر لە دەنگەکان".
هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ کۆمسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەو پارێزگایانە رەاوانە دەکات، کە هەڵبژاردنیان تێدا کرابوو."
ئەمڕۆ چوارشەممە 29/5/2013 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی بۆ ساڵی 2013 راگەیاند، کە لە20/4/2013 ئەنجامدرا.
لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداریكردن50% بوو، لە حەوت پارێزگا دەوڵەتی یاسا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەش کوتلەی مواتین پلەی دووەمی بەدەستهێنا، کوتلەی سەدریش لە پلەی سێیەمدا دێت.