عێراق دەیەوێت بە نەخشەڕێگەیەک بچێتە نێو وڵاتانی خاوەن سەروەریی یاسا
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا، سبەی راپۆرتێک لەبارەی دۆخی سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاودەکرێتەوە کە لەلایەن 13 رێکخراوەوە ئامادەکراوە.
ئەمڕۆ (شەممە، 28-12-2024) محەممەد تەمیمی، پسپۆری یاسا و سەرپەرشتیاری ئەو رەشنووسەی لەبارەی نەخشەڕێگەی سەروەریی یاسا دانراوە، لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "ئامانجی سەرەکیی و بنەڕەتی ستراتیژیی بەهێزکردنی سەروەریی یاسا لە عێراق، بە پلەی یەکەم رێکخستنی هەوڵی دامودەزگا حکومییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا."
محەممەد تەمیمی لەبارەی هەوڵەکانی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە گوتی، "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە تیمێکی گەورەی راوێژکاری، کاریان کردووە بۆ ئامادەکردنی ئەم ستراتیژییە."
محەممەد تەمیمی دەڵێت: ئەم ستراتیژییە چوار خاڵ لەخۆدەگرێت، خاڵی یەکەمی "وەرگێڕانی سەرجەم مادەکانی نێو دەستوورە کە تاوەکو ئێستا وەرگێڕانیان بۆ نەکراوە و یاسایان بۆ دەرنەکراوە."
"خاڵی دووەم بریتییە لە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە یاسادانان لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و سەروەریی یاسا."
سێیەم خاڵی سەرەکی کە ئەم ستراتیژییە گرنگی پێدەدات وەک پسپۆڕەکەی یاسا دەڵێ بریتییە لە "بەهێزکردنی شەفافیەت لە کاری حکومەت بە رێگەی گرتنەبەری سیاسەتی جۆراوجۆری کراوەیی، ئەمەش بۆ عێراق زۆر گرنگە تاوەکو بتوانێت ببێتە بەشێک لە ستراتیژیی سەروەریی یاسا لە جیهاندا."
سەبارەت بەتەوەری چوارەم محەممەد تەمیمی دەڵێت، پەیوەستە بە "بەهێزکردنی توانای دامەزراوەکان لە رێگەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دادوەری و یاسایی."
ئەو ستراتیژییەتەی عێراق دایدەنێت بریتییە لە نەخشەڕێگەیەک بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسا لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان و عێراق و کەمکردنەوەی سەرپێچی و پێشێلکارییەکان.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا ستراتیژیی وەزارەتە جیاوازەکان بە شێوەیەکی روون و گشتگیر لە دەستپێشخەری و پڕۆژە ستراتیژییەکان دادەڕێژرێن کە دەبنە بەشێک لە پلانی کارکردن.
بڕیارە ئەو رەشنووسە لە ماوەی 10 رۆژدا بنێردرێت بۆ وەزارەتی داد بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ بکەن و دواتر لە مانگی شوبات حکومەت کاری پێبکات.