جبووری: داوایه‌كی پەرلەمانی بۆ لێپرسینه‌وه له 4 وه‌زیر هه‌یه
رووداو - هه‌ولێر
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرایده‌كات، داوایه‌كی په‌رله‌مانی هه‌یه بۆ لێپرسینه‌وه له چوار وه‌زیر و سه‌رۆكی ده‌سته‌یه‌ك، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناویان بهێنێت. دەشڵێت، ئەو پەرلەمانتارانەی ماوەی ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنەكان تێپەڕاندووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
به‌پێی راگهیێندراوێكی فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی په‌رله‌مان، سه‌لیم جبووری، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاندووە "42پرسیاریان ئاراستەی ئەو چوار وەزیرە كردووه، بەڵام ته‌نیا وه‌ڵامی 15 پرسیار دراونەتەوە و 27 پرسیار به‌بێ وه‌ڵام ماونه‌ته‌وه".
جگه له‌وانه‌ش 42 بابه‌تی گشتی ئاراسته‌ی لیژنه تایبه‌تمه‌ندییه‌كان كراوه و چه‌ندین پرسیاری نووسراوی له‌خۆگرتووه، كە زۆربه‌یان وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه.
لەبارەی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار ماوه‌ی یاسایی ئاماده‌نه‌بوونیان تێپه‌ڕاندووه و، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانیش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت".
به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ئاماده‌ی دانیشتنێكی پەرلەمان نه‌بێت، به 500 هه‌زار دیناری عێراقی مووچه‌بڕ ده‌کرێت.