پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی رەتکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیان رەتکردەوە.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 28-09-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە." 
 
شێروان دووبەردانی گوتی: "لە کۆی 235 پەرلەمانتار کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا ئامادەبوون، تەنیا 13 پەرلەمانتاریان بە بەڵێ دەنگیان-دا بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حەلبووسی." 
 
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانە، لە کاتێکدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی موحسین مەندەلاوی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە.
 
دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای خودی حەلبووسی بوو، کە پێشتر گوتی: ئەو هەنگاوەی بەهۆی گۆڕانی بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی پەرلەمانەوەیە.
 
رەتکردنەوەی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد حەلبووسی ئاماژەیەکی دیکەیە لە رێککەوتنی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی و یەکێتی و سوننەکان لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەبێ رەوتی سەدر. 
 
رۆژی 12-06-2022ـدا 73 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو بنبەستە سیاسییەی لە عێراق هەیە و هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. 
 
دواتر لە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق لە 23-06-2022 ژمارەیەکی زۆر لە جێگرەوەکانی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدری سوێندیان خوارد و دەستبەکاربوون.