بۆ چوارەم جار یاساى هەڵبژاردنى عێراق هەموار دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەى باڵاى هاوئاهەنگى پارێزگاکان بڕیاریدا یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگا و قەزاکان بۆ چوارەم جار هەموار بکرێتەوە. بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان هەموارەکە تایبەتە بە دەسەڵاتى پارێزگار و ئەنجوومەنەکان. 
 
ئەو بڕیارە لەکۆبوونەوەى ئەو دەستەیەدا بووە کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکایەتى کرد، کە  15 پارێزگار تێیدا ئەندامن.
 
28ى تەممووزی 2024، باسم عەوداوى، گوتەبێژى حکومەتى عێراقى راگەیاند: "بەشداربووانى کۆبوونەوەى دەستەى هاوئاهەنگیی پارێزگاکان رەزامەندییان داوە لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگا و قەزاکان."
 
ئەمە دەبێتە چوارەم جار ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە، دواترینیان لە ساڵى 2023 کرا و هەردوو یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان بە چەند گۆڕانکارییەکەوە کران بەیەک.
 
کوردۆ عومەر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو هەموارە لەسەر داواى پارێزگارەکانە و تایبەتە بە دیاریکردنى دەسەڵاتەکانى هەڵبژاردنى بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە نێوان پارێزگار و ئەنجوومەنى پارێزگادا".
 
بۆ یەکەمجار لە دواى 10 ساڵ، لە 18ى کانوونی یەکەمى 2023،  هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا و یەکەمجاریش بوو بەو هەموارە نوێیەوە هەڵبژاردن بکرێت.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، داوایان لە نوێنەرى حکومەت کردووە پێشنیازى خۆیان لە بارەى ئەو هەموارەوە بگەیێننە لیژنەکەیان بۆ ئەوەى گفتوگۆى لەسەر بکەن و بڕیارى لە بارەوە بدەن".
 
رۆژی 2ى تەممووزی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاریی لە 17 یەکەى کارگێڕیى شارەکە کرد، ئەو پرسە لە بارەى دەسەڵاتى ئەو گۆڕانکارییانەوە ناکۆکى لەگەڵ پارێزگار بۆ دروستکرد.