دادگەى فیدراڵى دانیشتێکى 'یەکلاکەرەوە' لە بارەى سکاڵایەک لە دژى هەرێمى کوردستان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵای فيدراڵیى عێراق دانیشتێک لە بارەى سکاڵایەک دەکات، کە وەزیرى کۆچ و کۆچبەران لە دژى چەند دامەزراوەیەکى هەرێمى کوردستان تۆماریکردووە، لە بارەى گەڕانەوەى ئاوارەکان، گوتەبێژى ئەو وەزارەتە دەڵێت: "سکاڵاکە یەکلاکەرەوە دەبێت".
 
یەکشەممەى داهاتوو 30ى حوزەیران دادگەى فيدراڵیى عێراق دانیشتنێکى دیکە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات کە ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران تۆماریکردووە، سکاڵالێکراوان سەرۆکی هەرێمى کوردستان و سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆن. 
 
سکاڵاکار داوایکردووە سکاڵالێکراوان پەیوەست بکرێن بە داخستنى کەمپى ئاوارەکان و پێکهێنانى لیژنەیەک لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 24007ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە بارەى داخستنى کەمپى ئاوارەکان.
 
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دوو بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەن بۆ داخستنى کەمپەکان، یەکەمیان 30ى حوزەیرانى دیاریکردبوو، بەڵام بڕیارى دواتر کە تایبەت بوو بە میکانیزمى داخستنیان وادەکەى بۆ 30ى تەممووز درێژکردەوە."
 
زیاتر لە 28 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستانن و نەگەڕاونەتەوە، هەر ئاوارەیەک بگەڕێتەوە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران چوار ملیۆن دینار و سێ ئامێرى ناو ماڵى دەداتێ، بەڵام ئەگەر تاوەکو 30 تەممووز نەگەڕێنەوە ئەو هاوکارییەیان نادرێتێ.
 
عەلى جیهانگیر گوتى: "بەگوێرەى ئەوەى پێمانگەیشتووە، ئەو دانیشتنەى دادگەى فیدڕاڵى لە 30ى حوەزیران یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دۆسیەکە".
 
جگە لە گەڕانەوەى خۆویستانە، وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دوو  بژارەى دیکەى خستووەتە بەردەم ئاوارەکان کە بمێننەوە وەک جێگیر لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، یان بچنە پارێزگاى سێیەم، جگە لە زێدى خۆیان یان هەرێمى کوردستان.