هەر ژن و مێردێکى ئاوارە جیابووبنەوە، دەتوانن بە جیا '4 ملیۆنەکە' وەربگرن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکى نوێ لەبارەى ئەو هاوژینە عێراقیانە دەردەچێت لە کەمپى ئاوارەکان لێک جیابوونەتەوە. بڕیارەکە بەو جۆرەیە؛ چوار ملیۆن دینارەکە لە هەندێک دۆخدا هەردوو هاوژینی لێکجیابووەوە دەگرێتەوە.
بڕیارەکە لە کۆبوونەوەیەکى لیژنەى باڵاى هاوکارى و پاڵپشتیى ئاوارەکان درا، بە سەرۆکایەتیى ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "هەر ژن و مێردێک لە کەمپەکان جیابووبنەوە، دواتر ژیانی هاوژینییان پێکهێنابێتەوە، هەریەکەیان ئەو چوار ملیۆن دینارەی پێ دەدرێت، کە بۆ هاندانى گەڕانەوە تەرخان دەکرێت."
هەر خێزانێکى ئاوارەى کامپەکان بگەڕێتەوە زێدى خۆى، چوار ملیۆن دینار و سێ ئامێرى نێوماڵی پێدەدرێت، کە بریتین لە ئامێری لێنانی خواردن (تەباخ)، بەفرگر و تەلەڤزیۆن.
هەندێک لە خێزانى ئاوارەکان لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان لە 10 ساڵى رابردوودا لێکدی جیابوونەتەوە. عەلى جیهانیگر دەڵێت "زیاتر لە 600 دۆخى کۆمەڵایەتى لەو شێوەیە، لەو کەمپانە هەبوون، بۆیە ئەو بڕیارە دراوە."
هەر پیاوێک لە هاوژینەکەی جیابووبێتەوە و ژنى هێنابێتەوە، ئەو هاوکارییە داراییە دەیگرێتەوە ئەگەر منداڵەکانى لابن. ئەگەر ژن و مێردێک یەکێکیان مردبێت، هەمان بڕیار هاوژینەکەی دیکە دەگرێتەوە.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران گوتى "ئەو پیاوانەى زیاتر لە ژنێکیان هەیە یان دواى ئاوارەبوون ژنێکی دیکەیان هێناوە وەک یەک خێزان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و تەنیا چوار ملیۆن دینارىان پێ دەردێت".
زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستاندان و سێ رێگەچارە خراوەتە بەردەمیان: گەڕانەوە، مانەوە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، چوونە پارێزگاى سێیەم جگە لەو دوو شوێنە.
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق 30ـی تەممووزى دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ گەڕانەوەى ئەو ئاوارانە، ئەگەرنا هاوکارى دارایی چوار ملیۆنەکەیان پێ نادرێت.