کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا بەردەوامن و مووچە باسی سەرەکیی دیدارەکانە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە؛ بودجە و چەند پرسێکی دیکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو رۆژە لە بەغدایە و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و حیزبەکاندا ژمارەیەک کۆبوونەوەی کردووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە ئێوارەی رۆژی شەممە 27-04-2024 گەیشتە بەغدا، بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی بە زنجیرە دیدارەکانی کرد، لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە کۆبووەوە.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە گەورەترین لایەنی پێکهێنەری حکومەتی عێراقە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەم پیاوە ئیرادەی چارەسەری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی پێ‌بوو". سوودانیش سەردانەکەی بە گرنگ لە قەڵەمدا.
سوودانی و بارزانی باسیان لە باشکردنی ژیانی خەڵک کرد
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکەی نێوان سوودانی و بارزانی، کە ماوەی کاژێرێک بەردەوام بووە، بابەتەکانی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر تاوتوێ کراون.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان بڵاویکردەوە، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی عێراق به‌گشتی و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ له بواره‌كانی خزمه‌تگوزاری و په‌ره‌پێداندا به‌پێی كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆ باشتركردنی دۆخی خزمه‌تگوزاری و باری گوزه‌رانی هاووڵاتییان له هه‌موو عێراق تاوتوێ كران."
هەردوولا جه‌ختیان له گرنگیی به‌رده‌وامیی گفتوگۆی بنیاتنه‌ری تایبه‌ت به پرسه هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، ئەمەش بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆكی هەرێمی کوردستانی بۆ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو پرسه هاوبه‌شه‌كان به "گرنگ" پێناسە کردووە.
بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبووەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەم مانگەدا ئەمە دووەم جارە خۆی دەچێتە پایتەختی عێراق و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشداری دەکات، کە پێکهاتوون لە پێکهێنەرانی حکومەتەکەی شیاع سوودانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت راگەیێندراوی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی دوێنێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سەرکۆنەی ئەو هێرشە تاوانکارییە دەکەین کە کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. سەرۆکوەزیران رایگەیاند، گەیشتوونەتە دەستکەوتنی سەرەداو، کە دەیانبات بۆ ئەو کەسانەی تێوەگلاون و رەوانەی دادگە دەکرێن لەکاتی کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەدا."
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ واشنتن و سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق کراوە.
دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق
شەوی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، کە یەکێک لە لایەنە دیارەکانی سوننەی عێراق، کۆبوونەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی سیاسیی عێراق، هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستنیشانكردن و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان، تاوتوێ كران و بیروڕایان له‌باره‌یانه‌وه، گۆڕییه‌وه."
دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و لێكه‌وته‌كانی به‌سه‌ر عێراقه‌وه، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش لە راگەیێندراوەکەیدا جەخت لەسەر گرنگیی خێرا یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکاتەوە.
محەممەد حەلبووسی کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی مافی پەرلەمانتاری لێسەندرایەوە، لەو کاتەوە پۆستەکە بە کاتی لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبرێت.
کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئەمڕۆ یەکەم دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی ماڵی عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە بوو. کە پێکەوە نانی بەیانیان خوارد.
حەکیم و بارزانی، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: "دۆخی گشتیی عێراق و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری، بره‌ودان به پێشخستنی كه‌رتی ئابووری و خزمه‌تگوزاری، پشتگیری له حكومه‌تی فیدراڵ بۆ جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی، گفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان به‌پێی ده‌ستوور و هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا، تاوتوێ كران".
بەگوێرەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا جه‌ختیان له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و سه‌رخستنی گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان كرده‌وه.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، دووپاتیكرده‌وه هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیێتی له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، له سه‌روویانه‌وه ئه‌و پرس و كێشانه‌ی په‌یوه‌ندییان به دۆخی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه".
یەکێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری عێراق بوو.
هاوشێوەی کۆبوونەوەکانی دیکە، لەو کۆبوونەوەیەشدا کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێکراون. لەوانە؛ پرسی بودجە و مووچە، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
مالیکی: ئەم پیاوە ئیرادەی چارەسەری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی پێ‌بوو
دوای کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەیان، نووری مالیکی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "برای خۆشەویست بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کردین. کۆمەڵێک پرسی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، کە گرنگترینان ئیرادەیەکی بەهێز و پتەو بۆ دۆزینەوە دەرچە و چارەسەرکردنی هەموو ئەوانەی پێیدەگوترێت قەیران و کێشە کە پێویستی بە کەشێکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی: "پێشتریش لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی دابووین، تێبینی بە پێزمان وەرگرتووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێی دەکۆڵێتەوە کە پەیوەستن بە دەستوور، جێبەجێکردنی دەستوور، دادگەی فیدراڵی، هەڵبژاردن و بڕیارەکانی ئەمدواییانەی کۆمیسیۆن. پشت بەخودا ئەمە سەرەتایەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکهەڵپەسێردراوەکان کە لە رابردوو نەمانتوانیوە چارەسەریان بکەین".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەشکرد، کە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. گوتیشی، "بابەتەکە قورس نییە، کاتێک ویست هەبێت، ویستی هاوکاری و پابەندبوون و دەستوور هەبێت، چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان ئاسانن."
بۆ گفتوگۆکردنی هەمان ئەو بابەتانەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا تاوتوێ کراون، هەر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کۆبووەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و فایەق زێدان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دە‌رباره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی عێراق به‌گشتی، هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، بیروڕایان گۆڕییه‌وه".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هه‌ردوولا باسیان له گرنگیی هاریكاری و هاوئاهە‌نگیی زیاتری نێوان ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له عێراق و هه‌رێمی كوردستان و سوود وه‌رگرتنی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی بواری دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان له ده‌رفه‌ت و تواناكانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراق كردووە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی بۆ هه‌وڵه‌کان و رۆڵی ئه‌رێنی به‌ڕێز دادوه‌ر د. فایەق زێدان، سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵات‌دا ده‌ربڕی".
سه‌ربه‌خۆییی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و پاراستنی مافی پێکهاته‌کانی عێراقیش لە بابەتانە بوون لە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و فایەق زێدان باسکراون.
کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەردەوامن.