لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق میوانداریى وەزیرانی کارەبا و پەروەردە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق میوانداریى دوو وەزیرى حکومەتى عێراقى دەکات بۆ تاوتوێکردنى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى. ئەندامێکى لیژنەکە دەڵێت، میوانداریکردنى بەرپرسان تاوەکو 10ى ئایار دەخایێنێت، بەرلەوەى بودجەکە دەنگى لەسەر بدرێت.
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رۆژی 29ى نیسان لیژنەکەیان میوانداریى هەریەک لە زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەبا و ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردە دەکات بە مەبەستى تاوتوێکردنى بودجەى ئەو دوو وەزارەتە و کەموکورتییەکانیان یان زیادە لە هەندێک لە جومگەکانیاندا."
ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەی بەوەش دا بۆ تەواوکردنى کارەکانیان، ئەندامانی لیژنەکە بەشداریى کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی پەرلەمانى عێراق ناکەن.
لە 16ى نیسانى 2023 پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەمى بۆ پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کرد، کە هەنگاوى بەر لە دەنگدانە لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە، کە بۆ ماوەى سێ ساڵە و قەبارەکەشی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
خەلیل دۆسکى پێشبینیی کرد پرۆسەى میوانداریکردنى بەرپرسانى حکومەت لەبارەى بودجە تاوەکو 10ى ئایارى داهاتوو بەردەوام بێت و دواتر سەرجەم تێبینییەکان لە پڕۆژەیاساکەدا جێگەى دەکرێتەوە بە مەبەستى دەنگدان لەسەرى.