موقتەدا سەدر داوا دەکات سوود لە 'جەژنی درەخت' وەربگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی 21ـی ئادار کە رۆژی یەکی نەورۆزە و عەرەب "جەژنی درەختی" پێ دەڵێت، پەیامێک بڵاودەکاتەوە و داوا دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون سوودی لێوەربگیرێت.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا رۆژی سێشەممە، 28-2-2023، رایگەیاند: "21ـی ئادار بە جەژنی درەخت ناودەبرێت. با لە ئێستاوە پێکەوە سوود لەو دەرفەتە وەربگرین. با ئێمەی عێراقی، عێراق رزگار بکەین لە بەبیابانبوون، زیانەکانی خۆڵبارین و پیسبوونی ژینگە کەمبکەینەوە و پاداشتی ئاخیرەت بەدەستبێنین".
موقتەدا سەدر دەڵێت: "با عێراقی خۆشەویستمان بەشێوەیەکی جوانتر و رازاوەتر دەربکەوێت و خاکەکەی بەپیت بێت، ئەمەش لە رێگەی چاندنی درەخت، رواندنی گوڵ و درەختی خورما، درەختی سەرکەوتوو بە دیوار یان درەختی گەورە، ئینجا لە باخچەی ماڵەوە بێت یان لە بەردەم ماڵەوە یان بەرامبەر شوێنی بازرگانی، هەر یەکێک بەپێی توانای خۆی".
رێبەری رەوتی سەدر ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەو کارە سوودی دەبێت بۆ مرۆڤ، باڵندە، زەوی، ژینگە، بۆ جوانی و مەبەستەکانی دیکە، سوودی دنیا و ئاخیرەتی دەبێت. تکایە کەمتەرخەمی نەکەن".
21ـی ئادار بە یەکەمین رۆژی بەهار دادەنرێت و لە کولتوورە جیاوازەکانی جیهاندا بە رێوڕەسمی جۆراوجۆر پێشوازی لێدەکرێت. لە کولتووری نەتەوە هیندۆ ئەوروپییەکان و ئەوانی دیکەدا، لە نێویاندا کورد، فارس، کازاخ، پاکستانی، ئەفغانی و هتد، بە جەژنی نەورۆز دادەنرێت.
لە هەر کولتوورێکیشدا، رۆژەکە بە ئەفسانەیەک دەبەسترێتەوە. یەکەمین رۆژی بەهار یەکەمین رۆژی ساڵنامە هەتاوییەکانی وەک ساڵنامەی کوردی و ئێرانییە.