قاسم ئەعرەجی بۆ رووداو: هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە قۆناخێکی زۆرباشی لێکتێگەیشتن
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە قۆناخێکی زۆرباشی لێکتێگەیشتن.
رۆژی یەکشەممە، 27-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانیی عەزم، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە قاسم ئەعرەجی لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی: "لێکتێگەیشتنمان هەبوو لەبارەى زۆر لە دۆسیە گرنگەکانى پەیوەندار بە ئاسایش و یەکێتیی عێراق، هەروەها پارێزگاریکردن لە سەروەریى عێراق."
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و قاسم ئەعرەجی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ههردوولا بهردهواميى هاريكارى و ههماههنگيى نێوان حكومهتى فيدراڵى عێراق و ههرێمى كوردستانيان بۆ چارهسهركردنى كێشهكان لهگهڵ وڵاتانى دراوسێ خسته بهر باس و جهختيان له گرتنهبهرى گفتوگۆ و رێكاره ديپلۆماسييهكان و تێگهيشتنى هاوبهش كردهوه بۆ پاراستنى سهقامگيرى و سهروهريى عێراق."
لە راگەیێندراوەکە هاتووە، "له كۆبوونهوهكهدا ههردوولا هاوڕا بوون لهسهر گرنگيى هاريكارى و ههماههنگيى نێوان حكومهتى فيدراڵى و حكومهتى ههرێمى كوردستان بۆ بهرهنگاربوونهوهى تيرۆرستان و كۆنترۆڵكردنى سنوور."
سەبارەت بە بەزاندنی سنوور و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن ئێران و تورکیا، ئەعرەجی گوتی، هیچ بەزاندنێکی سنوور قبوڵ ناکەن و ئاشکراشی کرد: "لێکتێگەیشتن لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە، لیژنەیەکى باڵا دروستدەکرێت بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران و تورکیا، بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو."
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە رێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەوە بانگهێشتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی تاران بکات. سەبارەت بە کاتی سەردانەکە، قاسم ئەعرەجی گوتی: "سەردانەکە رۆژی سێشەممە دەبێت" و پرسی سەرەوەریی عێراقی بە تێروتەسەلی تێدا باس دەکرێت.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق:
رووداو کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن بوو و باسی چیتان کرد؟
قاسم ئەعرەجى: لێکتێگەیشتنمان هەبوو لەبارەى زۆر لە دۆسیە گرنگەکانى پەیوەندار بە ئاسایش و یەکێتیى عێراق، هەروەها پارێزگاریکردن لە سەروەریى عێراق، من پێموایە کە لێکتێگەیشتن لەنێوان بەغدا و هەولێر بەرژەوەندییەکى گەورەى تێدایە بۆ وڵات، سوپاس بۆ خودا گەیشتووینەتە قۆناخێکى زۆرباش لەو لێکتێگەیشتنە، زۆر سوپاس بۆ عاقڵمەند و دەسەڵاتدارانى وڵات.
رووداو: رۆژانە بەزاندنى سەروەریى عێراق هەیە، چۆن دەتواندرێت رێگرى لە هێرشەکانى تورکیا و ئێران بکرێت لە ناو سنوور و لە قوڵایى خاکى عێراق؟
قاسم ئەعرەجى: لێکتێگەیشتن لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە، لیژنەیەکى باڵا دروستدەکرێت بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران و تورکیا، بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى گونجاو، بەدڵنیاییەوە هیچ بەزاندێکى سەرورەیى عێراق قبوڵناکەین، سەردانێکمان دەبێت و بەرێز محەممەد شیاع سوودانى سەردانى تاران دەکات، رۆژى سێشەممە سەردانەکە دەکرێت و ئەم پرسە بەشێوەیەکى جدى و تێروتەسەل باس دەکەین.
رووداو: جێبەجێکردنى دەستوور وەک گەرەنتیی پاراستنى ئاسایشى نیشتمانى دەبیندرێت، ئایا لەبارەى جێبەجێکردنى دەستوورەوە گفتوگۆتان کرد؟
قاسم ئەعرەجى: بەدڵنیاییەوە گفتوگۆمان لەبارەى سەرجەم دۆسیەکانى پەیوەیندار و هەڵپەسێردراوەکان کرد لەنێوان هەولێر و بەغدا، ئیرادەى سیاسى هەیە بۆ چارەسەرى سەرجەم ئەو کێشانە.