پارێزگارى زیقار 28ی تشرینی دووەمی کردە رۆژى شەهیدان
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگارى زیقار بڕیاریدا 28ى تشرینى دووەمى هەموو ساڵێک لە پارێزگاکەی بکرێتە رۆژى شەهیدانى شارەکە؛ لەو رۆژەدا بەر لە چوار ساڵ زیاتر لە 125 کەس کوژران.
بەگوێرەى نووسراوێکى نازم وائیلی، پارێزگارى زیقار کە 26ى تشرینى دووەمى 2022 دەریکردووە، رۆژى 28ى تشرینى دووەمى هەموو ساڵێک لەو پارێزگایە دەکرێتە پشوو.
ئەو بڕیارە بەبۆنەى رووداوى گۆڕەپانى حەبوبییەوەیە کە لە ساڵى 2019 و بەهۆى دروستبوونی گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگاکە 125 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستدا و نزیکەى 500 کەسی دیکە بریندار بوون.
فەلاح هیلالى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى زیقار رۆژی یەکشەممە 27-11-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارەکە لە رۆژى دووشەممە 28ى تشرینی دووەم دەکەوێتە وارى جێبەجێکردنەوە و ئەو رۆژە پشوو دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشى، "28ى تشرینى دووەم لە نزیک پردى زەتون لە گۆڕەپانى حەبوبی گردبوونەوە بۆ یادکردنەوەى شەهیدانى ئەو رووداوە دەکرێت."
رووداوەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی سیاسیی وڵاتیش هەبوو و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق بڕیاریدا دەستلەکاربکێشێتەوە.