هیومان رایتس وۆچ: پرۆژەیاسای تاوانی ئەلیکترۆنی لە پەرلەمانی عێراق ئازادیی رادەربڕین سنوورداردەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق تاوتوێی چەند پرۆژە یاسایەک دەکات کە تێیدا ئازادیی رادەربڕین سنووردار دەکرێت، وەکو تاوان لێی دەڕوانرێت و خەڵک بەو هۆیەوە سزادەدرێت.
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچدا هاتووە، لە رۆژی 23ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە سزادانی بەکارهێنەرانی تەکنەلۆژیای زانیارییەکان کردووە و بڕیارە لە 29ی ئەم مانگە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی پرۆژە یاساکە، رێگە بە دەسەڵات دەدرێت بە تووندی سزای هەر کەسێك بدات دەربڕینی بیروڕاکانی دەبنە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە حکومی، کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان.
بەلقیس والی، لێکۆڵەر لە رێکخراوەکە رایگەیاند "ئەم یاسایە ئامرازێكی دیکە دەداتە دەسەڵاتی عێراقی بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن کە میدیا و تەکنەلۆژیای زانیارییەکان لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕین و گفتوگۆکردن لەبارەیانەوە لە گردبوونەوە گشتییەکان بەکاردەهێنن، لە ئەگەری پەسندکردنی ئەو پرۆژە یاسایەیەش، ئازادیی رادەربڕین لە سۆشیال میدیا بەتەواوەتی دەخنکێت".
ساڵی 2011 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی پرۆژەیاسایەکی کرد بەناوی "پرۆژەیاسای تاوانی زانیاریی تەکنەلۆجی"، ئەوکات هیومان رایتس وۆچ هۆشداریی دا لەوەی کە بۆ سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕین، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشە بۆسەر رۆژنامەڤان و چالاکڤانانی ئاشتیخواز بەکاربهێندرێت.
ئەوکات یاساکە دەرنەکرا، بەڵام رۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2020 پەرلەمانی عێراق تاوتوێی هەمان رەشنووسی پرۆژەیاسای کرد، کە زیاتر وەکو "پرۆژەیاسای تاوانی ئەلیکترۆنی" ناسراوە و لە ساڵی 2019 ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشکێشیان کرد.