30 ماڵپەڕ و پێگەی ئەلیکترۆنی لە عێراق هاک دەكرێن
رووداو ـ هەولێر
30 ماڵپەڕ و پێگەی ئەلیكتڕۆنی سەربە حكومەتی عێراق بۆ چەند کاژێرێک رووبەڕووی هاکكردن بوونەتەوە، كە لە نێویاندا پێگەكانی وەزارەتی ناوخۆ، تەندروستی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هەن.
گرووپێک کە هاككردنەكەی ئەنجامداوە، لە پێگەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ناوی ئەو ماڵپەڕ و پێگە ئەلیکترۆنییەیان بڵاوکردووەتەوە کە هاکیان کردوون لەگەڵ هۆکاری هاککردنیان.
بەگوتەی ئەوان "كەسانێك یاری بە داتاكانی عێراق و ژێرخان و ئاسایشی نیشتمانی دەكەن، زانیاری لەبارەی هاووڵاتیان و ئاسایشی نیشتمانی رادەستی كەسایەتی و دەڵالە میسری و توونسیەكان لە وڵاتانی دیكە دەكەن و بە هەزاران دۆلار دەفرۆشرێ یان لەبەرامبەر وەرگرتنی نیشانەیەكی شین لە نزیك ناوەكانیان لەسەر پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بە پارەی گەل بەدوای ناوبانگ و جەماوەردا دەگەڕێن".
گرووپەکە پەیامەکەیان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووەو دەڵێن: "ئەو پەیامە لێرە بڵاودەكەینەوەو ماوەی 72 كاژێریشتان لەپێشە ئەگەر كارەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەرحەق بەو گرووپە نەكرێت، رێكاری دیكە بەرامبەر كەسایەتیە كارگێڕیەكان دەگرینەبەر".