لەسەر هێرشی سەر سێ خواردنگەی براندی ئەمریکی لە بەغدا سێ کارمەندى ئەمنى بەندکران
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر هێرشکردنە سەر سێ خواردنگە لە بەغدا کە سەر بە دوو براندی ئەمریکین، وەزارەتی ناوخۆ لیوایەک لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە و سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش بەند دەکات.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 27-5-2024، رایگەیاند، سێ کارمەندەکەی هێزە ئەمنییەکان ئەوانەن کە بەرپرسیاریێتیی پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانەیان لەئەستۆ بووە، کە هێرشەکان تێیاندا ئەنجامدراون.
ئەو رێکارانەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر سێ خواردنگەی براندی ئەمریکین لە بەغدا لە شەوی رابردوودا. رێستۆرانتی لیزچیللی هاوس بە بۆمبی دروستکراوی ناوخۆیی هێرشی کرایە سەر و، لقێکی کەی ئێف سیش لەلایەن کەسانی دەمامکدارەوە کەلوپەلەکانی نێوی تێکشکێنران. پێشتریش هێرش کرابووە سەر لقێکی کەی ئێف سی.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، لەسەر ئەو ھێرشانە چەند گومانلێکراوێک دەستگیرکراون و گەڕان بەدواى ئەوانەى دیکەشدا کە لە هێرشەکان بەشدار بوون، بەردەوامە.
بە فەرمانى عەبدولئەمیر شەمەرى، وەزیرى ناوخۆ فەرماندەیەکى لیوا کە ئەرکى پاراستنى ئەو ناوچەیەى لە ئەستۆ بووە، لە پۆستەکەى دوورخرایەوە و راگیرا، لیژنەى لێکۆڵینەوەشى لەسەر پێکهێندرا، هەروەها کارمەندانى ئەو هێزە ئەمنییەش لە پۆلیسی فریاکەوتن، پۆلیسی فیدراڵى و هەواڵگریى بوون و لەو ناوچەیە لە ئەرک بوون، بۆ ماوەى مانگێک بەند دەکرێن.
هێرشکردنە سەر KFC و رێستۆرانتەکە، لەدوای رۆژێک بوو لە هێرشکردنە سەر لقێکى دیکەى KFC لە بەغدا، لەو هێرشەیاندا دوو ماتۆڕسوار بە بۆمب هێرشیان کرد و زیانیان بە رووکاری رێستۆرانتەکە گەیاند.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆکاری هێرشەکانی رانەگەیاندووە، بەڵام لقى چێشتخانەی KFC جار بە جار لە عێراق رووبەڕووى هەڵمەتى بایکۆتکردن دەبێتەوە، لە چوارچێوەى بایکۆتى ئەو بەرهەمانەى بە پاڵپشتیکارى ئیسرائیل دەزانرێن.