ڤیان سەبری: گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بۆ ئامادەکردنی رەشنووسێکی نوێن بۆ یاسای نەوت و گاز

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و گازی عێراق بەردەوامن و "هەردوو شاندی دانوستاندنکار لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسێکی نوێی یاسای نەوت و گاز کار دەکەن."
 
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 27-02-2023 بە رادیۆی رووداوی گوت، "لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا شاندی هەرێمی کوردستان سێ جار سەردانی بەغدایان کردووە بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە و رەشنووسی یاسای نەوت و گاز."
 
لە ساڵی 2003وە لە عێراقدا دوو رەشنووسی نەوت و گاز ئامادە کراون؛ یەکەم کۆپیى رەشنووسى پرۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق لە ساڵى 2007 ئامادە کرا کە لە 43 مادە پێکهاتبوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان بەغدا و هەولێر لە پەرلەمان پەسند نەکرا. دواتر لە ساڵى 2011 پرۆژە یاسایەکى دیکەی ئەو بوارە لە پەرلەمانى عێراق گەڵاڵە کرا کە لە 49 مادە پێکهاتبوو، بەبێ ئەوەى دەنگی لەسەر بدرێت.
 
ڤیان سەبری دەڵێت، "گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکن کە رەشنووسێکی دیکە و نوێ ئامادە بکرێت، چونکە ئێمە جەخت دەکەینەوە گفتوگۆکان لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و لەسەر بنەمای مادەکانی 111 و 112ی دەستوور بن. پێویستە دەستەیەکی تایبەتیش هەبێت بەگوێرەی مادەی 121ی دەستوور بۆ دابەشکردنی داهاتە فیدراڵییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە."
 
لەبارەی قۆناخەکانی ئامادەکردنی رەشنووسەکە و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەی خستەڕوو، "گفتوگۆکان تائێستا باشن، بەڵام هێشتا رەشنووسەکە تەواو نەکراوە. پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی؛ دوای تەواوکردنی ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی دەکات و دواتر رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بۆ خوێندنەوە و پەسندکردنی."
 
ڤیان سەبری ئاماژەی بەوەش کرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان رژدە لە هەوڵەکان بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەغداش ویستی هەیە. بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە رێککەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت و هەردوو سەرۆکوەزیران سەرپشک بکرێن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان."
 
رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، یەکێکی دیکەیە لەو پرسانەی هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەسەر دەکەن بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لەو یاسایەدا. ساڵی 2022 عێراق یاسای بودجەی نەبوو، بەڵام حکومەتی عێراق چەند مانگێکی کەم، مانگانە بڕی 200 ملیار دیناری وەکو پێشێنە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنارد، بەڵام رۆژی 25-1-2023 دادگەی فیدراڵی عێراق، ناردنی 200 ملیاری دیناری مانگانەی بۆ هەرێمی کوردستان بەنادەستووری لەقەڵەمدا.
 
ڤیان سەبری دەڵیت، "دەبوو رەشنووسی بودجە لە مانگی یەکەوە بنێردرایەتە پەرلەمان، بەڵام چەند هۆکارێک هەن بۆ دواکەوتنی، لەوانە ناجێگیریی نرخی نەوت و بەهای دینار، لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ رێککەوتن."