پۆلیسی دیالە: سەرەداومان لەبارەی کوژرانى پزیشکەکە دەستکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکى هاوبەشى ئەمنى بە سەرۆکایەتیى پارێزگارى دیالە پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانى پزیشکێک لەو پارێزگایە کە بەهۆیەوە سەندیکاى پزیشکانى عێراق مانگرتنیان راگەیاندووە. گوتەبێژى پۆلیسی دیالە دەڵێت، "سەرەداوى رووداوەکەمان دەستکەوتووە و لە ماوەى هەفتەیەکدا ئەنجامەکە رادەگەیێندرێت."
 
رۆژی دووشەممە 27ى شووباتى 2023 عەمید نیهاد عەبادى، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى پارێزگاى دیالە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "سەرەداوى رووداوى کوژرانى دکتۆر ئەحمەد مەدفەعیمان دەستکەوتووە، ئەوەش لە رێگەى کامێراکانى چاودێری و دیمەنی ئەو ئۆتۆمبێلەى کە کوشتنەکەی پێ ئەنجام دراوە."
 
گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى پارێزگاى دیالە گوتیشى، "لیژنەى لێکۆڵینەوەى ئەمنیى باڵا پێکهێندراوە بە سەرۆکایەتیى پارێزگارى دیالە و بە بەشداریى نوێنەرانی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستى زانینى وردەکاریى ئەو رووداوە و دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى."
 
23ى شووبات دکتۆر ئەحمەد مەدفەعی لەبەردەم نۆرینگەکەى خۆی لە شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە کوژرا و وەکو ناڕەزایى دەربڕینێک، ئەمڕۆ 27ى شووبات سەرجەم ئەندامانى سەندیکاکانى پزیشکان و پزیشکانى ددان مانیان گرت و نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتییەکان بۆ ماوەى رۆژێک دادەخەن.
 
گوتەبێژى پۆلیسی دیالە ئاماژەى بەوەش دا، بڕیارە ئەمڕۆ ساڵح حەسناوى، وەزیرى تەندروستیی عێراق سەردانى پارێزگاى دیالە بکات بە مەبەستى بەدواداچوونى لێکۆڵینەوەکان لەبارەى کوژرانى ئەو پزیشکە.