پێشنیازێک بۆ هاندانى دەنگدان؛ تاوەکو ملیۆنێک دینار لە باج ببەخشرێت

27-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێشنیازەیاسایەک دەدرێتە سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق بۆ زیادکردنى بەشدارى لە هەڵبژاردندا، بەوەى کارمەندی کەرتی تایبەت لە 10%ـی ئەو باجە ببەخشرێت کە لە سەریەتی، ئەگەر فەرمانبەریش بێت، شەش مانگ سەرەمووچەى پێش بخرێت.
 
پێشنیازە یاساکە بە ناوى "هاندانى هەڵبژاردنە" و، 10 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر کردووە. 
 
عامر عەبدولجەبار، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە خاوەنى بیرۆکەى ئەو پێشنیازەیاسایەیە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو پێشنیازەیاسایەمان رادەستى سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و مەحموود مەشهدانى، سەرۆکى پەرلەمان رەزامەندیى دا بۆ ئەوەى رەوانەى لیژنەى یاسایی بکرێت." 
 
بەگوێرەى پێشنیازەیاساکە، هەر فەرمانبەرێکى مەدەنى و سەربازى بەشدارى هەڵبژاردن بکات، شەش مانگ سەرەمووچەى پێش دەخرێت. ئەگەر دەنگدەرەکە فەرمانبەر نەبوو، لە دەرفەتى دامەزراندن دەخرێتە پێش ئەو کەسانەى بەشداریی هەڵبژاردنیان نەکردووە.
 
عامر عەبدولجەبار گوتى "ئامانج لەو پێشنیازەیاسایە، هاندانى دەنگدەرانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن وەک ئەوەى لە هەندێک وڵات پەیڕەو دەکرێت. رێژەى بایکۆتکردن لە هەڵبژاردن زۆر بووە و لە رێگەى بەشداریی زۆرترین دەنگدەر، نوێنەرایەتیی راستەقینە دەردەکەوێت." 
 
لەو پێشنیازەیاسایەدا ئاماژە بەوەدراوە؛ ئەگەر کەسێک لە کەرتى تایبەت کار بکات و بەشدارى دەنگدانى کردبێت، لە 10%ـی ئەو باجە دەبەخشرێت کە لە ئەستۆیدایە، بەو مەرجەى بڕى پارەکە یەک ملیۆن دینار تێپەڕ نەکات.
 
دوایین هەڵبژاردن کە لە عێراق کرابێت، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بوو لە 18ـی کانوونى یەکەمى 2023 و رێژەى بەشدارى 41%ـی ئەو دەنگدەرانە بوو، کە دەیانتوانى لەو هەڵبژاردنە بەشدار بن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە