گرێبەستى کۆمپانیایەک کێشە دەخاتە نێوان پەرلەمانتارێک و وەزیرى گەیاندن

27-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرێبەستى کارکردنى کۆمپانیاى IQ کێشە دەخاتە نێوان وەزیرى گەیاندن و پەرلەمانتارێک و هەڕەشەى سکاڵا تۆمارکردن لە یەکدى دەکەن. وەزارەتى گەیاندنی عێراق رەتیدەکاتەوە ئەو گرێبەستەى لەگەڵ کۆمپانیاى IQ هەیانە نوێ بێت و دەڵێت، "ساڵی 2010 واژۆ کراوە."
 
لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتى گەیاندنی عێراق دەڵێت، ئەو زانیارییانە راست نین کە حەنان فەتلاوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بڵاویکردوونەتەوە گوایە گرێبەستێکى نوێ لەگەڵ کۆمپانیاى IQ بۆ 10 ساڵى دیکە کراوە.
 
حەنان فەتلاوى لە هەژماری خۆى لە تۆڕى ئێکس نووسیویەتى، کۆمپانیایەک لە کەرکووک دوو ساڵ ئینتەرنێتی کەمتر لە قەبارەی راگەیێندراوی خۆی داوە بە هاوبەشان، زیانەکەى بە 991 ملیار دینار مەزەندە کراوە و دەستگیراوە بەسەر ئامێرەکانیدا، بەڵام ئامادە نەبووە پارەى ئەو زیانە بدات.
 
فەتلاوی ئاماژە بەوە دەکات، دواتر وەزارەتى پەیوەندییەکان بۆ هەر رۆژێک لە دواخستنى ئەو قەرەبووە 10% پێبژاردنى بۆ کۆمپانیاکە دەرکردووە، ئەویش پارەکەى نەداوە، بەڵام وەزیرى گەیاندن گرێبەستى نوێى بۆ 10 ساڵى دیکە لەگەڵ واژۆ کردووە.
 
ئەو پەرلەمانتارە بەڵگەنامەیەکى بڵاوکردووەتەوە، گوایە لە ساڵى 2022 ئەو کۆمپانیایە خراوەتە لیستى رەشەوە.
 
وەزارەتى گەیاندنى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، ئەو کۆمپانیایە گرێبەستێکى وەبەرهێنانى هەیە کە لە ساڵى 2010وە واژۆ کراوە و ئێستاش کارایە، کە بەگوێرەى مۆڵەتى وەبەرهێنان پێى دراوە، هەڕەشەى ئەوەش دەکات رێوشوێنى یاسایی دژى ئەو کەسانە دەگرێتەبەر "ناوى دەزڕێنن یان راى گشتى چەواشە دەکەن."
 
دواى روونکردنەوەکە، حەنان فەتلاوى بەڵگەنامەیەکى بڵاوکردەوە، گوایە شاندێکى وەزارەتى پەیوەندییەکان نێردراوە بۆ تورکیا بۆئەوەى ئەو گرێبەستە بکەن و پەیامێکى بۆ هیام یاسرى، وەزیرى گەیاندن نووسیوە و دەڵێت، "دەتدەمە دادگە بەهۆى ئەوەى راى گشتیت چەواشە کردووە و موڵک و ماڵى دەوڵەتت بەهەدەر داوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە