باڵیۆزی ئەمریکا: ئەمریکا و عێراق گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن چۆن هاوبەشییەکی ئەمنیی بەردەوام دروست بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بەڕێوەچوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد و لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "پسپۆڕانی سەربازیی هەردوولا بەرپرسن لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش."
 
رۆژی شەممە، 27-01-2024، ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، " عێراق و ئەمریکا تاوتوێی ئەوەدەکەن چۆن ئەرکی هاوپەیمانیی دژ بە داعش بە تێپەربوونی کات دەگۆڕێت بۆ هاوبەشیێکی ئەمنیی دوولایەنە."
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لە دژی داعش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لایەنەکان رازیبوون لە گفتوگۆکردن لەسەر ئاستی سەربازی بەردەوامبن، لیژنە باڵاکە راسپێرن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پێشکەوتنانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە تێکشاندنی داعش بەدەستی هێناون، لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە داهاتوودا لە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق روودەدەن.
 
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، تادێت گوشارەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا زیاتر دەبن و واشنتنیش دەڵێت، تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لەم کاتەدا هیچ پەیوەندیێکی بە هێرشەکانەوە نییە.
 
لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە، نزیکەی 150 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئەمریکاش وەڵامی هەندێک لە هێرشەکانی داوەتەوە.
 
دەستپێکی گفتوگۆکان لە رۆژی پێنجشەممەوە راگەیێندراوە، بەڵام ئەمڕۆ شەممە بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی هەردوولا گفتوگۆی هەنگاوەکانی کۆتاییهێنانی هێزە بیانییەکانیان کرد لە عێراق.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "پسپۆڕانی سەربازیی هەردوولا بەرپرسن لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەوەش 10 ساڵ دوای دەستپێکردنی ئەو ئەرکە و بەدیهێنانی سەرکەوتنی گەورە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق."
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کاری لیژنەی باڵای سەربازی دوای ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر ئاستی سێ تیم دەستپێدەکات کە ئەرکیان بریتی دەبێت لە هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی داعش، هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لەژێر رۆشنایی ئەم پێداچوونەوەیەدا، خشتەیەکی کاتی دادەڕێژرێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان و هەنگاونان بۆ رێکخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوبەشی هاوپەیمانییەکە. هەروەها عێراق پابەند دەبێت بە چوارچێوەی ستراتیژی کە لە ساڵی 2008 لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆکرا؛ پابەندیش دەبێت بە دابینکردنی سەلامەتی بۆ راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ماوەی قۆناخی دانوستاندندا لە سەرانسەری وڵات".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێزانینی خۆی بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەربڕی لە بەرامبەر ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی عێراقی کردوون لە شەڕی دژی داعشدا و گوتی، "پێشوازی لەم رێککەوتنە دەکەین کە بەرهەمی ساڵێک گفتوگۆی هاوبەش و کۆبوونەوەیە؛ ئەم رێککەوتنە بەشێکە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت. جەخت لە خواستی عێراق بۆ هەنگاونان بەرەو پەیوەندییەکی گشتگیر لەسەر بنەمای هاریکاری و دۆستایەتیی نێودەوڵەتی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەینەوە."
 
رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا باسیان لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" کرد، دوای ئەوەی رۆژی پێشووتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق نامەیەکی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق وەرگرت کە بە"گرنگ" ناوی هێنا.
 
هێزەکانی ئەمریکا لە 2003ـەوە لە عێراقن، بەڵام ناوە ناوە گۆڕانکاری بەسەر ئەرک و کارەکانیاندا هاتووە، لە 2018 بە فەرمی ئەرکی سەربازیی هێزەکانیان لە عێراق گۆڕا بۆ راوێژکاری.
 
ئێستا ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازیشی لەسووریا هەن.
 
گوشاری گرووپە چەکدارییەکان بۆ سەر عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان زیادیان کرد دوای ئەوەی لە 2020 بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هەریەک لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی لە بەغدا کوژران.