وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

رووداو دییجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.
 
نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26-12-2024)، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سەرجەمی بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو بۆ دەرەوە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، لە کێڵگە نەوتییەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، گەیشتە 98 ملیۆن و 603 هەزار و 109 بەرمیل، لەکاتێکدا ناردنە دەرەوەی نەوت بۆ ئوردن 266 هەزار و 715 بەرمیل بوو."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی 1-11-2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "وەکو پابەندبوونێک بە بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی بەشدار لە پەیماننامەی پێکەوەکارکردنی هاوبەش بۆ کەمکردنەوەی خۆویستانەی نەوت، پشتڕاستی دەکەینەوە عێراق بەرهەمی خۆی کەمکردووەتەوە و هەناردەی نەوتی بۆ 3.3 بەرمیل لە رۆژێکدا سنووردارکردووە."
 
تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق لە رۆژێکدا لە مانگی تشرینی یەکەم، 3.327 ملیۆن بەرمیل و مانگی ئەیلوولیش 3.31 ملیۆن بەرمیل بووە.
 
عێراق هەناردەکردنی نەوتی بەراورد بە مانگی پێشتر، رۆژانە 27 هەزار بەرمیل کەمکردووەتەوە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوکات گوتی، "ئەم کەمکردنەوەیە لە مانگەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت بۆ دڵنیاییدان لە مانەوەمان لەو سنوورەدا کە رێککەوتنی لەسەر کراوە؛ هەروەها بۆ قەرەبووکردنەوەی بەرهەمی زیادەی مانگەکانی رابردوو."