شاندێکی حکومەتی عێراق لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی حکومەتی سووریا کۆبوونەوە.
رۆژی (پێنجشەممە، 26-12-2024)، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "شاندی عێراقی گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سووریا و پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە سنوورە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و سووریایان لەگەڵ ئیدارەی نوێ تاوتوێ کردووە."
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا لە 8ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی لەلایەن ئیدارەی نوێی سووریاوە، ئەوە یەکەم شاندی عێراقییە سەردانی شام دەکات.
سەردانی شاندەکەی عێراق لە کاتێکدایە، لە نێو بەرپرسانی عێراق جۆرێک لە نیگەرانی هەیە لەبارەی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە کەمپەکانی رۆژ و هۆلن لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی 19ـى کانوونى یەکەمى 2024، عێراق 905 سەرباز و پلەدار و 36 فەرمانبەرى سووریاى لەسەر داواى خۆیان گەڕاندەوە وڵاتەکەیان کە رۆژێک پێش لە رووخانى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد پەنایان بۆ عێراق هێنابوو.
پێش رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، حکومەتی عێراق ئەو پەیامەی بە سووریا دابوو، ئاسایشی وڵاتەکە بە ئاسایشی خۆیان دەزانن، چونکە هاوسنوورن. ئێستا دەتوانن لە گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازی، هاوکاریی یەکدی بکەن. عێراقیش دەیەوێت سنوورەکانی بپارێزێت، بۆیە هەردوو وڵاتەکە پێویستیان بە هاوکاری و هاوئاهەنگی دەبێت.
بەر لە گرتنی دیمەشق، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، ئەوان نابنە هەڕەشە بۆ سەر عێراق، گوتبووشی، دوای "رووخاندن"ـی حکومەتی بەشار ئەسەد و "دروستکردنی سووریای نوێ،" دەیانەوێت پەیوەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لەگەڵ عێراقدا هەبێت.